هاتووچۆی سلێمانی: زیاتر لە 660 هەزار ئۆتۆمبێل لە پارێزگای سلێمانیدا تۆمارکراون
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی رایدەگەینێت، لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 660 هەزار ئۆتۆمبێل تۆمارکراوە و ساڵی 2022 زیاتر لە 24 هەزار ئۆتۆمبێلی نوێ تۆمارکراون و، زیاتر لە 70 هەزار هاونیشتمانی مۆڵەتی شۆفێرییان دەرکردووە یان نوێکردووەتەوە.
بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، لە 27-10-2022 سیستمی مۆڵەت کراوەتە ئەلیکترۆنی و کەسەکە دەبێت خۆی ئامادەبێت و زانیارییەکانی لێوەردەگیرێت، مۆڵەتەکە شتێکی مۆدێرنە و لە هەموو وڵاتانی پیشکەوتوو ئەو جۆرە مۆڵەتە هەیە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی گوتیشی، ئەو مۆڵەتە نوێیە بۆ دەرەوەی کوردستان بەکارناهێنرێت، ئەگەر کەسێک بیەوێت گەشت بکات دەبێت مۆڵەتی نیودەوڵەتی وەربگرێت.
لەبارەی ئەو مامەڵانەی کە بۆ هاونیشتمانییان لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی دەکرێت، گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی گوتی، پێشتر رۆژانە 800 بۆ 900 مامەڵەی نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری بۆ هاونیشتمانییان دەکرا، بەڵام ئێستا رۆژانە 380 بۆ 400 مامەڵە بەڕێدەکەن، چونکە ئێستا دەبێت راستەوخۆ بەرامبەر کامێرا زانیاری وەربگیرێت و هەر کەسێک 15 خولەکی دەوێت تاوەکو کارەکانی رایی دەکرێت. دەشڵێت، "ئێمە هەندێک رۆژ تاوەکو کاژێر 5:00ی ئێوارە کارمەندمان دەمێننەوە بۆ راییکردنی مامەڵەی هاونیشتمانییان."
بەهمەن عەبدوڵڵا باسی لەوەش کرد، "ئێمە رۆژانە لەگەڵ دەستپێکردنی دەوامی فەرمی، کۆد دەدەینە هاونیشمانییان، دوای ئەوەی کۆدەکان زۆربوون، سیستمەکە دەوەستێنین و تەنیا ئەوانەی کۆدیان وەرگرتووە دەتوانن مامەڵەکانیان بکەن." گوتیشی، "ئەو کەسانەی مۆڵەتیان بەسەرچووە، ئەگەر نوێیبکەنەوە 50 هەزاریان لێوەردەگیرێت، بەڵام ئەوەی مۆڵەتی بەسەر نەچووە نوێی بکاتەوە، 100 هەزاری لێوەردەگیرێت، بەڵام جارێ مامەڵەی ئەو کەسانە ناکەین کە مۆڵەتیان بەسەرنەچووە و دەیانەوێت مۆڵەتەکانیان نوێبکەنەوە."
گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، "بۆ زیاتر بەڕێکردنی مامەڵەی هاونیشتمانییان، پێشنیازمان کردووە وێستگەکان زیاد بکرێن بۆ ئەوەی بتوانین رۆژانە مامەڵەی زیاتر بەڕێبکەین."
لەبارەی ئامارەکانی 2022 بۆ پێدان و نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری، بەهمەن عەبدوڵڵا دەڵێت، لەماوەی ساڵی 2022دا زیاتر لە 70 هەزار هاونیشتمانی مۆڵەتی شۆفێرییان دەرکردووە یان نوێیان کردووەتەوە:
- دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری:
مۆڵەتی تایبەت: 1456 کەس فۆرمیان وەرگرتووە
مۆڵەتی گشتی: 4555 کەس فۆرمیان وەرگرتووە
مۆڵەتی ماتۆڕسکیل: 683 کەس فۆرمیان وەرگرتووە
- نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری:
مۆڵەتی تایبەت: 28729 کەس مۆڵەتیان نوێکردووەتەوە
مۆڵەتی گشتی: 36781 کەس مۆڵەتیان نوێکردووەتەوە
ونکردنی مۆڵەت: 417 کەس مۆڵەتی ونکردووە و مۆڵەتیان دراوەتێ
گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت، لە سنووری هاتووچۆی پارێزگای سلێمانیدا 668 هەزار سوارڕۆ (ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر) تۆمارکراون و لە ساڵی 2022دا 24 هەزار و 511 ئۆتۆمبێلی تایبەت و بارهەڵگر و کرێ تۆمارکراون لەگەڵ دوو ماتۆڕسکیل کە مەرجەکانی تۆمارکردنیان هەبووە.
ژمارەی ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو لە هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی 668 هەزار بووە کە (ئۆتۆمبێلی تایبەت، بارهەڵگر، کرێ، کشتوکاڵ و بیناسازی و ماتۆڕسکیل) لەخۆدەگرێت.
- ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو لە ساڵی 2022:
ئۆتۆمبێلی تایبەت: 18787 ئۆتۆمبێل
ئۆتۆمبێلی کرێ: 1191 ئۆتۆمبێل
ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر: 4533 ئۆتۆمبێل
ماتۆڕسکیل: دوو ماتۆڕسکیل