شارەوانییەکانی دهۆک: پار بە گوژمەی 159 ملیار دینار پڕۆژە خراوەتە واری جێبەجێکردنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک دەڵێت، پار 4018 پارچە زەوییان بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، بە زیادکردنی 120 هەزار مەتر دووجا سەوزایی، رێژەی سەوزایی سنوورەکە گەیشتووەتە نزیکەی 12%.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 05-01-2026 دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماری پڕۆژە و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بۆ ساڵی 2025 خستەڕوو و رایگەیاند، پار لە 28 پڕۆژە بە گوژمەی 159 ملیار دینار، 26ـیان خراونەتە واری جێبەجێکردنەوە و دووانیان لە قۆناخی تەندەریندان.
 
بە گوتەی دیار بەحری، 38 پڕۆژەی دیکە لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە گوژمەی 29 ملیار دینار دەستنیشان کراون کە رەزامەندیی جێبەجێکردنیان لەسەر دراوە، بەڵام هێشتا قۆناخی رەزامەندیی داراییان تێنەپەڕاندووە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک گوتیشی، ''پار 105 پڕۆژەی بچووکی سەر بە شارەوانیمان بە گوژمەی دوو ملیار و 769 ملیۆن دینار لە سەرجەم سنووری شارەوانییەکان جێبەجێکرد.''
 
دیار بەحری گوتی، هەر پار بە گوژمەی 18 ملیار و 615 ملیۆن دینار، سێ گرێبەستی پاککردنەوەی ژینگە و لابردنی زبڵ و خاشاکیان کردووە کە ''کۆمپانیاکان نزیکەی 256 هەزار و 497 تۆن زبڵ و خاشاکیان کۆکردووەتەوە.''
 
''رێژەی سەوزایی نزیکەی 12%ـە''
 
وەک بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک دەڵێ، پار 120 هەزار مەتر دووجا سەوزاییان زیاد کردووە و 27 هەزار و 356 داریان چاندووە و گوتی، ''ئێستا رێژەی سەوزایی سنوورەکە گەیشتووەتە نزیکەی 11% بۆ 12%.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا دیار بەحری ئاماژەی بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران کرد و گوتی، ''پار بە چوار قۆناخ، چوار هەزار و 18 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکرا و پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت.''
 
دابەشکردنی زەوی لە چوارچێوەی بڕیارێکی 27ی ئاداری 2024ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە کە بڕیاری دا زەوی بدرێتە ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی سوودمەند نەبوون.
 
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەر یان پێشمەرگە و خانەنشینێک تەرخان دەکرێ 200 مەتر دووجایە و دابەشکردنەکەش بە تیروپشک و بە گوێرەی سیستمی خاڵبەندی دەبێ.
 
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک ئەوەشی خستەڕوو، 121 پارچە زەوی لە سنووری شارەوانییەکان بە گوژمەی 11 ملیار و 414 ملیۆن دینار خراونەتە زیادکردنی ئاشکراوە کە 100%ی داهاتەکەیان بۆ پڕۆژەکانی سنووری شارەوانییەکان خەرج دەکرێن.