بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کارکردنی تۆڕی میدیایی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان قەدەخە دەکات


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کارکردنی تۆڕی میدیایی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە قەدەخە دەکات.
 
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەمڕۆ شەممە 05-02-2022 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "ماوەیەکی زۆرە تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی بوولتەنەکانیەوە کار بۆ وروژاندنی ناکۆکییەکان دەکات، لەگەڵ شێواندنی دیمەنی دەزگاکان کە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کار دەکەن، ئەوەش زیان بە شیرازەی کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەدا دەگەیێنێت".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەو روانگەوە و بەپێی یاسای راگەیاندن و لیستی جێبەجێکاری یاساکە، لە ماوەی رابردوودا دووجار هۆشداری درایە تۆڕی میدیایی رووداو، لە رێککەوتەکانی (5.10.2021) و (22.10.2021)، سەرباری ئەوە تۆڕەکە بەردەوامبوو لە سیاسەتەکانی کە ئاماژەمان بۆ کردن، بۆیە بڕیارماندا: کارکردنی تۆڕی میدیایی رووداو لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رابگرین، هەموو مۆڵەتەکانی کارکردن و مۆڵەتەکانی ئەرکی رۆژنامەگەری کە دراون بە تۆڕەکە و کارمەندانی تۆڕەکە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لێیان دەسەندرێنەوە، ئەم بڕیارە لە رێککەوتی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت".
 
ئەم بڕیارەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە کاتێکدایە، کاژێر 14:00ی رۆژی چوارشەممە 2.2.2022، لە کاتی رووماڵکردنی رێورەسمی بەخاکسپاردنی 12 شەهیدی هێزەکانی سووریای دیموکرات-هەسەدە لە گۆڕستانی شەهیدانی قامشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان، هێزێکی نەناسراو هێرشیکردە سەر تیمی تۆڕی میدیایی رووداو، کە لە پەیامنێر ڤیڤیان فەتاح و وێنەگر عیسا حەسەن خەڵەف و شۆفێر عەبدوڵڵا مەژدەل پێکهاتبوو.
 
لە هەمانکاتدا هەر لە گۆڕستانی شەهیدان، پێنج کەس کە جلی سەربازییان پۆشی بوو، بەڵام ئەندامی ئاسایش یان هێزەکانی پۆلیس نەبوون، وێنەگر عیسا حەسەن خەڵەف و شۆفێر عەبدوڵڵا مەژدەلیان سواری ئۆتۆمبێلەکەی رووداو کرد و بردنیانە دەرەوەی قامشلۆ و دوای ئەشکەنجە، لێدان و هەڕەشە، ئازادیان کردن.
 
پێشتریش چەند رۆژێک دوای هێرشی چەکدارانی داعش لە 20.1.2022 بۆ سەر بەندیخانەی غوێران لە حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بڕیاریدا تیمی رووداو لە حەسەکە دەربکات، لە کاتێکدا تیمەکەی رووداو بۆ رووماڵکردنی شەڕی نێوان چەکدارانی داعش و شەڕڤانانی هەسەدە و هەوڵی هەسەدە بۆ کۆنترۆڵکردنی بەندیخانەکە لە حەسەکە بوو.