ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی: هەندێک لایەن دژی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانن

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، "لەگەڵ هەموو لایەنێک نەرمی دەنوێنین بۆئەوەی کۆدەنگی لەنێوان پارتە سیاسییەکاندا هەبێت، بەڵام هەندێک لایەنی سیاسی دژی زەوینەسازیی هەڵبژاردنن."
 
رۆژی یەکشەممە 05-02-2023 سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە رێوڕەسمی گۆڕینی بەرپرسی لقی 26ی گوڵانی حیزبەکەی لە چۆمان رایگەیاند، "لە مانگەکانی داهاتوودا دەبێت ئامادەکاری و زەوینەسازی بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت بۆئەوەی جارێکی دیکە هەڵبژاردن دوانەخرێت."
 
بەهۆی ناکۆکیی حیزبەکانەوە، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، نەتوانرا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا بکرێت، بۆیە تەمەنی خولی پێنجەم لە 06-11-2022 بۆ کۆتایی ئەمساڵ درێژکرایەوە، بەو مەرجەی هەڵبژاردن لەو ماوەیەدا بکرێت.
 
سەربەست لەزگین گوتی، پارتی لایەنگری درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان نەبووە و بە ناچاری دەنگی بەو یاسایە داوە، ئەگەرنا "هەموو کات حەز دەکەین لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بکرێت."
 
ئەو ئەندامەی مەکتەب سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، "بەداخەوە هەندێک لایەن بۆ هەڵبژاردن بەو شێوازەی کە ئێمە هەوڵ دەدەین کێشەکان چارەسەر ببن، جیددی نین و دژی زەوینەسازین بۆ هەڵبژاردن."
 
سەربەست لەزگین ئەوەشی خستەڕوو، سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە "پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت."
 
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی لەبارەی چارەسەری ناکۆکییەکان و ئامادەکاری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی، "ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنێک نەرمی دەنوێنین بۆئەوەی کۆدەنگی لەنێوان پارتە سیاسییەکاندا هەبێت."
 
بە گوتەی سەربەست لەزگین، کاتێک حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ناکۆکییەکان بە رێککەوتن دەگەن و "هەر کاتێک دەبیندرێت دۆخەکە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بەرەو باشی دەچێت و باس لە چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکان دەکرێت، لە پەنایەکی دیکەدا کێشە دروست دەکەن."