فراکسیۆنی قیادە پێشنیازێک بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگای کەرکووک بە هاوبەشی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی قیادە لەبارەی بەڕێوەبردنی پارێزگای کەرکووک پێشنیازێک دەکات، دەشڵێت، لەگەڵ یەکێتی دانووستاندن و کۆبوونەوەیان لەبارەی پۆستەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە کردووە، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
پێشنیازەکەی ئەو فراکسیۆنە لە کەرکووک ئەوەیە کە دوو ساڵ پارێزگار عەرەب و سەرۆکی ئەنجوومەن پارتی بێت، دوو ساڵی دیکە پارێزگار یەکێتی و سەرۆکی ئەنجوومەن لەلای تورکمان بێت.
رۆژی 5ـی شوباتی 2024، رەعد ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی قیادە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو باسی نێوەڕۆکی پڕۆژەکەیان و پێشنیازەکەی کرد. وەکو ئەو باسی دەکات، بۆ دۆخی ئێستا "باشترین چارەسەر"ـە بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگای کەرکووک.
پێشنیازەکەی فراکسیۆنی قیادە لە کۆبوونەوەی شەوی رابردووی نێوان فراکسیۆنی عەرەبی و تورکمانی باسکراوە.
رەعد ساڵح ئاماژەی بەوەکرد، "بەشداریی هیچ ئیدارە و کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی پارێزگایەک ناکەین ئەگەر یەکێک لە پێکهاتەکان پەراوێز و نادیدە بگیرێت."
ئەمڕۆ بڕیارە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکرێت، رووداو زانیویەتی کە لە کۆبوونەوەی شەوی رابردووی نێوان فراکسیۆنی عەرەبی و تورکمانی ئەو دوو لایەنە بڕیاریانداوە بەشداریی کۆبوونەوەکە نەکەن، بەو پێیە تەنیا هەشت ئەندام بەشداریی دەکەن.
بە گوتەی رەعد ساڵح بێت، کۆتایی ئەم هەفتەیە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە بەغدا لەبارەی بەڕێوەبردنی ئیدارەی کەرکووک دەکرێت و داوای هاوکاری لە حکومەتی ناوەندی دەکەن بۆ ئەوەی لە چارەسەرکردنی ئەو بابەتەدا هاوکارییان بکەن.
فراکسیۆنی قیادە نایشارێتەوە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دانوستاندنیان کردووە، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، لەگەڵ پارتیش دانوستاندنەکانیان بەردەوامە.
لەبارەی ئەو پڕۆژەیە و پێشنیازەی سەرۆکی فراکسیۆنی قیادە، ئەمڕۆ دووشەممە، شادیە جەلال، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی و راوێژکاری یاسایی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وامان پێ باشتر و خۆشترە کە پۆستی پارێزگار بۆ یەکێتی بێت، چونکە دەنگی یەکەمی هێناوە."
هەروەها گوتی، "دەبێت لەگەڵ برایانی عەرەب و تورکمان کارەکان بە دادپەروەریی و رێککەوتن بێت. ئەگەر هەر پارتێکی دیکەش دەنگی یەکەمی هێنابووایە، ئێمە لاریمان نەدەبوو، بۆیە دەبێت عەرەب و تورکمان بیر لەوەبکەنەوە کە یەکێتی یەکەمی هێناوە."
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 15 ئەندام و ئەندامێکی کۆتای کریستیان پێکدێت. یەکێتی 5 کورسی و پارتی 2 کورسی هەیە، کورسییەکەی کریستیانیش نزیکە لە یەکێتی. لایەنە عەرەبییەکان شەش کورسی و تورکمانیش دوو کورسییان هەیە.
بڕیاریدان بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکان پێویستی بە 50 کۆ یەک هەیە، بەمەش دەبێت نۆ ئەندام لە کۆبوونەوەکان ئامادەبن.