بەرپرسی ئەنەکەسە لە کۆبانی: گەمارۆی سەر شارەکە بەردەوامە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی خۆجێیی ئەنەکەسە لە کۆبانی بەهۆی بەردەوامیی گەمارۆکانەوە هۆشداری لە روودانی ''کارەساتی مرۆیی'' دەدات و دەڵێت: ''هیچ پێداویستییەکی سەرەکی لە شارەکەدا نەماوە و پێویستە رێڕۆی مرۆیی بکرێتەوە''.
چوارشەممە 04-02-2026، عەدنان بۆزان، بەرپرسی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە کۆبانی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە دڵدار هەرکی پێشکێشیکرد، لەبارەی دۆخی شارەکە رایگەیاند، دوای پێنج رۆژ لە واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق، هیچ گۆڕانکارییەک لە کۆبانی پێکنەهاتووە و تەنیا شەڕ و تۆپباران راگیراوە.
نزیکەی 20 رۆژە گەمارۆ لەسەر کۆبانی بەردەوامە. عەدنان بۆزان ئاماژەی بەوە کرد، پێداویستییەکانی ژیان لە شارەکەدا دەستناکەون و تاوەکو ئێستا بڕانی سووتەمەنی، کارەبا، ئینتەرنێت و ئاو بەردەوامە.
جیا لە خەڵکی شارەکە، ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییانی گوندەواری دەڤەرەکە، بەهۆی شەڕ و تۆپبارانەوە روویان لە کۆبانی کردووە. ئەو بەرپرسەی ئەنەکەسە گوتی: ''هاونیشتمانییان لە تەبقە و رەققەشەوە هاتوونەتە کۆبانی کە بەگشتی ژمارەی ئاوارەکان لە ژمارەی دانیشتووانی شارەکەش زیاترە و لە مزگەوت، قوتابخانە و چۆڵەوانییەکاندا دەمێننەوە."
ئەو بەرپرسەی ئەنەکەسە گەمارۆی کۆبانی بە پرسێکی سیاسی دەزانێت و دەڵێت: ''پێویستە هاوشێوەی پرسی ناوچەکانی دیکە، کێشەی کۆبانیش چارەسەر بکرێت.''
عەدنان بۆزان جەختی لەوە کردەوە، بەهۆی بەردەوامیی گەمارۆکانەوە، خەریکە ''کارەساتێکی مرۆیی'' لە کۆبانی روودەدات، ''چەندین جار رامانگەیاندووە پێویستە رێڕۆی مرۆیی بکرێتەوە، نەوەک تەنیا بۆ گەیشتنی هاوکارییەکان، بەڵکو بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن لە رێگەی بازرگانییەوە پێداویستییەکانی خۆیان دابین کەن.''
تاوەکو ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان لە رێگەی حەلەبەوە هەندێک هاوکاری گەیاندووەتەوە کۆبانی. ئەو بەرپرسەی ئەنەکەسە گوتی: ''هاوکارییەکانی UN تەنیا دوو کاروان بوون، بەڵام بەراورد بە ژمارەی ئاوارەکان، لە ئاستی پێویستدا نەبوون.''
عەدنان بۆزان ئەوەشی خستەڕوو، دوای راگرتنی شەڕ و رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق، ژمارەیەک لە ئاوارەکانی نێو کۆبانی گەڕاونەتەوە سەر ماڵەکانیان، ''بەڵام زۆربەی ماڵەکان بە تەواوی تاڵان کراون و هیچ شتێکیان تێدا نەماوە. پێویستە لە دانوستاندنەکاندا قسە لەسەر ئەم بابەتەش بکرێ.''
30ـی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نێوەڕۆکی رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی سووریا بڵاوکردەوە.
هەسەدە رایگەیاند، رێککەوتوون لەسەر راگرتنی شەڕ لەنێوانیان، ئەوەش بەگوێرەی رێککەوتنێکی گشتگیر و لێکتێگەیشتن لەبارەی پڕۆسەی تێکەڵکردنێکی ریزبەندیی هێزە سەربازییەکان و کارگێڕییەکانی هەردوولا.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هێزە سەربازییەکان لە هێڵی بەرەنگاربوونەوەی نێوانیان دەکشێنەوە و هێزەکانی ئاسایشی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەچنە شاری حەسەکە و قامشلۆ، هەروەها دەست دەکرێ بە تێکەڵکردنی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکە و فیرقەیەکی سەربازی پێکدەهێنرێ کە سێ لیوای لە هەسەدە دەبێت.
لە رێککەوتنەکەدا هاتووە، لیوایەکی دیکە بۆ هێزەکانی کۆبانێ پێکدەهێنرێ لە چوارچێوەی فیرقەی سوپا لە سنوورى پارێزگای حەلەب.