دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و 11 دەستگیرکراوی لالەزار گەیشتە هەولێر

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی مانگی رابردوو دادگەی سلێمانی بڕیاری دا دۆسیەی دەستگیرکراوانی لالەزار بۆ وردبینی رەوانەی هەولێر بکرێت، یەکێک لە پارێزەرانی دۆسیەکە دەڵێت، دۆسیەی 12 کەسیان گەیشتووەتە هەولێر. 
 
قادر ئاغا مەنتک، یەکێک لە پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای چەند جارێک دواخستن بە پاساوی جیاواز، دوێنێ دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی بە فەرمی گەیشتە دادگەی تەمیز لە هەولێر".
 
ئەو پارێزەرە گوتی: "ئێمە تانەمان لە وەرگرتنی گوتە (ئیفادە)ی کاک لاهوور و هاوڕێکانیشی داوە، بۆیە دۆسیەکە هێندراوەتە دادگەی تەمیز و جگە لە شێخ لاهوور و کاک پۆڵادی برای، 10 کەسی دیکە لە هاوڕێکانی تێدایە".
 
لەبارەی هەنگاوی داهاتووی دۆسیەکەوە، پارێزەر قادر ئاغا مەنتک گوتی: "تەواوی دۆسیەکە نێردراوە، دادوەری تەمیز بڕیاری لەسەر دەدات کە دادگاییکردنی هەر 12 کەسەکە لە کام دادگەی هەرێمی کوردستان و لە کام پارێزگا دەبێت".
 
پارێزەرەکەی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ گواستنەوەی دەستگیرکراوەکان دادوەر بڕیار دەدات کە هەر لە سلێمانی دەمێننەوە، یان بۆ دادگایی دەبرێنە شارێکی دیکە.
 
رۆژی 12-1-2026، بۆ یەکەم جار لاهوور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، بەڵام دادوەر بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکەی نەدا و رایگەیاند، بۆ وردبینی دۆسیەکە رەوانەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکرێت.
 
تاوەکو ئەمڕۆ ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانی لالەزار ئازاد کراون، لەوانە 7 کەس لە  03ـی ئەم مانگەدا ئازاد کران، پێش ئەوان لە 16-01-2026 چوار کەس و 13ـی هەمان مانگ 17 کەسی دیکە ئازاد کرابوون.
 
شەوی 22ـی ئابی 2025، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، کە پێکهاتبوون لە هێزەکانی دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ، دوای ئەوەی لاهوور شێخ جەنگی رازینەبوو خۆی رادەست بکات، هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار، دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی دەستگیرکران.