ئانۆ جەوهەر لە واشنتن: پێویستە میلیشیاکان لە ناوچەی پێکهاتەکان دەربکرێن
رووداو دیجیتاڵ
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوەی هەرێمی کوردستان لە واشنتن زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا کرد و تێیدا جەختی لە پاراستنی مافی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە عێراق و سووریا کردەوە؛ هاوکات بانگهێشتی بەرپرسانی ئەو وڵاتەی کرد بۆ بەشداریکردن لە "رۆژی نزا و پاڕانەوەی نیشتمانیی کوردستان".
لە پەراوێزی لووتکەی جیهانیی ئازادییە ئایینییەکان لە واشنتن، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن (وەک نوێنەری پێکهاتەی کریستیان)، لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە، کۆنگرێس، ناوەندەکانی بڕیاردان و کۆمیسیۆنی ئەمریکا بۆ ئازادییە ئایینییە نێودەوڵەتییەکان (USCIRF) کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی ئانۆ جەوهەر، لە کۆبوونەوەکاندا تیشک خراوەتە سەر ئەو مەترسییانەی بەهۆی دەستوەردانی گرووپە چەکدارەکان و میلیشیاکانەوە رووبەڕووی خەڵکی دەشتی نەینەوا دەبنەوە. وەزیری گواستنەوە جەختی کردووەتەوە کە "دەرکردنی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچە مەسیحی و ئێزدینشینەکان، مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری و پاراستنی مێژوویی ئەو پێکهاتانە."
هەروەها ئاماژە بەو گوشارانە دراوە کە دەخرێنە سەر سەرکردە ئایینییەکان، بەتایبەتی پاتریارک مار لویس ساکۆ، سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان.
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی وەزیری گواستنەوە لە واشنتن، تایبەت بوو بە یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق. ئانۆ جەوهەر جەختی کردووەتەوە کە دەبێت سیستمی کۆتا وەک گەرەنتییەکی دەستووری بپارێزرێت و "دەنگدانی تایبەت بە کۆتاکان تەنیا بۆ خودی پێکهاتەکان بێت، نەک لایەنەکانی دیکە ویستی سیاسیی پێکهاتەکان زەوت بکەن."
لە دیدارەکاندا باس لە پێویستیی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال کرا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و دوورخستنەوەی چەکی نافەرمی. هاوکات، دۆخی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا تاوتوێ کرا و داوا کرا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگیی زیاتر بە مافەکانیان بدات.
ئانۆ جەوهەر داوای کردووە مەسیحی و ئێزدییەکان لە حکومەتی داهاتووی عێراقدا هاوبەشییەکی راستەقینەیان هەبێت. هەروەها دۆسیەی ئێزدییە رفێندراوەکانی وەک "ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆیی" ناوبرد و داوای بەردەوامیی هەوڵەکانی کرد بۆ دۆزینەوەیان.
لە کۆتایی دیدارەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا، ئانۆ جەوهەر بانگهێشتنامەیەکی فەرمی ئاراستە کردن بۆ بەشداریکردن لە "رۆژی نزا و پاڕانەوەی نیشتمانیی کوردستان" کە بڕیارە لە نیسانی 2026 بە چاودێری و ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی بەڕێوەبچێت.