قایمقامی رواندز: زیاتر لە سێ هەزار فەرمانبەر زەوی وەردەگرن


رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی قەزای رواندز رایدەگەیێنێت، ناوی زیاتر لە سێ هەزار فەرمانبەر بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە و لە قۆناخی یەکەمدا 500 پارچە زەوی دابەشکراون؛ راشیگەیاند، بە گوژمەی 700 ملیۆن دینار چەند پڕۆژەیەکی رێگەوبان لە سنوورەکە جێبەجێ دەکرێن.
 
ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای رواندز، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری (رادیۆی رووداو) رایگەیاند: "دوای بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی زەوی، لە قۆناخی یەکەمدا بە تیروپشکی ئەلیکترۆنی 500 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی قەزاکەدا دابەش کران."
 
سەبارەت بەو فەرمانبەرانەی هێشتا زەوییان وەرنەگرتووە، قایمقامی رواندز گوتی: "ناوی سێ هەزار و 335 فەرمانبەر کە شایستەی وەرگرتنی زەوین گەڕاوەتەوە شارەوانی؛ هەرچەندە زەوی لە سنوورەکە کەمە و هەندێک گرفتی خاوەندارێتی و قەرەبوو هەن، بەڵام کار بۆ دابینکردنی زەوی لە قۆناخەکانی داهاتوودا بەردەوامە."
 
ئەحمەد قادر ئاماژەی بەوە کرد، چەند پڕۆژەیەکی رێگەوبان بە گوژمەی نزیکەی 700 ملیۆن دینار رەوانەی بەڵێندەر کراون. پڕۆژەکان بریتین لە: قیرکردنی شەقامەکانی گەڕەکی راپەڕین و نەورۆز لە سەنتەری قەزاکەو  چاککردنی رێگەی گوندەکانی کەڕەک، سیرین و سەلان.
 
قایمقامی رواندز باسی لەوەش کرد کە لەگەڵ باشبوونی کەشوهەوا، دەست بە کارەکانی ئەو پڕۆژانە دەکرێتەوە.
 
لەبارەی پرسی ئاو لەناوچەکەیاندا، ئەحمەد قادر ئاماژەی بەوە کرد، قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی ئاوی دۆڵی ئاکۆیان تەواو کردووە و قۆناخی دووەمیش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆرانەوە کاری تێدا دەکرێت.
 
ئەحمەد قادر باسی لە ماستەرپلانێکی گەشتیاری کرد بۆ سنوورەکە، بۆ پەرەپێدانی هاوینەهەواری بێخاڵ کە دروستکردنی "کۆرنیشی کاولۆکان" لەخۆدەگرێت. بە گوتەی قائیمقامی رواندز، ئەم پڕۆژانە جگە لەوەی سیمایەکی جوانتر بە رەواندز دەبەخشن، هەلی کارێکی زۆریش بۆ گەنجانی ناوچەکە دەڕەخسێنن.