حکومەتی بەریتانیا: دەکرا رێگە لە نقومبوونی بەلەمەکەی نۆکەندی ئینگلیز بگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی حکومەتی بەریتانیا دەریدەخات، دەکرا رێگری لە نقومبوونی بەلەمەکەی نۆکەندی ئینگلیز بکرێت لە ساڵی 2021 کە بەهۆیەوە لایەنی کەم 30 کەس خنکان و 17یان هاونیشتمانیی کورد بوون.
نقومبوونی بەلەمەکە لە 24ی تشرینی دووەمی 2021 تۆمارکرا. بەلەمەکە لە چووپ دروستکرابوو و زیاتر لە توانای خۆی سەرنشینی لێ بارکرابوو. لە رووداوەکەدا تەنیا دوو کەس بە زیندوویی مانەوە، ئەویش دوای ئەوەی 12 کاژێر لەنێو ئاودا مانەوە.
ئەو 17 هاونیشتمانییەی گیانیان لەدەستدا، خەڵکی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان بوون. لە کۆتاییەکانی کانوونی یەکەمی 2021 تەرمی 16 کەسیان گەڕێندرایەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
لێکۆڵینەوەکە چی دەرخستووە؟
سێر رۆس کرانستۆن، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووداوەکەیە لە راپۆرتێکی 454 لاپەڕەییەدا ئاماژە بە (شکستێکی سیستماتیکی و گەورە) لە لایەن حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکات لەسەر ئەو رووداوە.
کرانستۆن چوار هۆکاری بۆ روودانی کارەساتەکە خستووەتەڕوو کە ئەمانەن:
کەمتەرخەمیی پاسەوانانی کەناراوەکان: پاسەوانانی کەناراوەکانی بەریتانیا کە ناسراون بە (HM Coastguard) لە دۆخێکی خراپدا بوون، بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەوان کێشەی کەمیی کارمەند و سنوورداریی تواناکانیان هەبووە، ئەمەش وایکردووە نەتوانن بەدەم هاواری قوربانییەکانەوە بچن.
هەڵەی تەکنیکی: ئەو فڕۆکە چاودێرییەی کە دەبوو زانیاریی ورد بدات، بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە نەیتوانیوە بفڕێت و هیچ پلانێکی جێگرەوەشیان نەبووە.
پشتگوێخستنی هاواری قوربانییەکان: چەندین نامە و پەیوەندی لە ناو بەلەمەکەوە گەیشتبووە پاسەوانی کەناراوەکانی بەریتانیا، بەڵام یان فەرامۆش کراون، یان بە جدی وەرنەگیراون.
بە هەڵە خوێندنەوەی دۆخەکە لەلایەن پاسەوانی بەریتانیاوە: کارمەندانی فریاگوزاری پێیان وابووە کۆچبەران لە کاتی پەیوەندیکردندا زیادەڕۆیی دەکەن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی مەترسییەکە بە کەم سەیر بکرێت.
راپۆرتەکە سێ لایەنی سەرەکی وەکو بەرپرسیاری رووداوەکە دەستنیشان کردووە، لە سەرووی هەمووشیانەوە، قاچاخچییەکان وەکو بەرپرسیاری سەرەکیی رووداوەکە باسکراون.
هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە، تاوەکو ئێستا تەرمی 4 کەس لەوانەی نقومبوون، بێسەروشوێنە.
هۆکارەکانی نقومبوونی بەلەمەکەش، بەم شێوازە جیاکراوەتەوە:
یەکەم: قاچاخچییەکان کە زیاتر لە توانای بەلەمە چووپەکە خەڵکیان سەرخستووە.
دووەم: کەشتیی دەریایی فەرەنسی (Flamant) کە وەڵامدانەوەی بۆ رووداوەکە زۆر خاو بووە.
سێیەم: کەلێن لە سیستمی گەڕان و فریاگوزاری، بەتایبەت لە لایەن پاسەوانی کەناراوەکانی بەریتانیاوە.
راپۆرتەکە تەنیا باسی لە ئامار و هۆکاری رووداوەکە نەکردووە، بەڵکو ناسنامەی 27 تەرمی دۆزراوە و ئەو چوار کەسەی بێسەروشوێنبوون خستووەتەڕوو.
پێشتر رووداو ناوی هەر 16 کەسەکەی بڵاوکردووەتەوە کە ئەمانەن:
- مهاباد ئەحمەد عەلی
- بڕیار حەمەد عەبدولڕەحمان
- موبین رزگار حوسێن
- هەستی رزگار حوسێن
- هەدیە رزگار حوسێن
- کەژاڵ ئەحمەد خدر
- سەرکەوت پیرۆت محەممەد
- محەممەد حوسێن محەممەد
- ئەفراسیاب ئەحمەد محەممەد
- مریەم نووری (باران)
- محەممەد قادر عەوڵا
- رێژوان یاسین حەسەن
- موسلیم ئیسماعیل حەمەد
- شکار عەلی پیرۆت
- بڵند شوکری بەکر
- حەسەن محەممەد عەلی
لە راپۆرتەکەدا ناوی (هەستی رزگار حوسێن)ـی 7 ساڵان کە خەڵکی قەزای دەربەندیخان بووە لە پارێزگای سلێمانی، وەک منداڵترین قوربانیی ئەو کارەساتە ناوی هێنراوە.
پێشتر سارا ئەحمەد، خوشکی کەژاڵ [هاوژینی رزگاری باوکی هەستی] بە چاوی پڕ گریانەوە چیرۆکی رۆشتنی خوشکەکەی و خوشکەزاکانی بۆ رووداو گێڕابووەوە و گوتبووی، "دوایین جار لە 23-11-2021 بوو کچە گەورەکەی، هەدییە، نامەی بۆ باوکی نارد، کە نامەی دەنگی بوو گوتی: ئەوە ئێمە سەر بەلەمەکە دەکەوین. داواکاریمان ئەوەیە کەس نەچێت بۆ ئەو رێگەیە، چونکە تەرمەکانیان دێنەوە و جەرگی دایک و باوکیان دەسووتێت، جەرگی خوشک و براکانی دەسووتێت".
دایکی هەستی ناوی کەژاڵ ئەحمەد بوو، لە دەربەندیخان سکرتێری پزیشک بووە. رزگاری هاوژینیشی پۆلیس بووە. هەستی، موبین و هەدییەش، هەر سێ منداڵەکانیان قوتابی بوون.
لەناو راپۆرتەکەدا ئاماژە بە پەیوەندییەکی تراژیدی هاتووە کە لەلایەن کوڕێکی 16 ساڵانی کورد لە کاژێر 01:30 خولەکی بەیانی بۆ پاسەوانەکان کراوە، پێی گوتوون "هەموومان لەناو ئاوداین"، بەڵام پاسەوانەکان پێیان گوتووە، "دەست هەڵبگرە لە پەیوەندیکردن، هاوکاری لە رێگەیە."
راپۆرتەکە 18 راسپاردەی پێشنیاز کردووە بۆ پاسەوانی کەناراوەکان کە گرنگترینیان ئەمانەن:
- پێشکێشکردنی راهێنانی تایبەت بە کارمەندەکان سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەلەمە بچووکەکان.
- بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ بۆ باشترکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و فریاگوزاری.
لەدوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکە کاردانەوەکان چین؟
لەدوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکە، ئاژانسی دەریایی و پاسەوانی کەناراوەکان ناسراو بە (MCA) رایگەیاند: "خەیاڵ و هاوسۆزیمان لای خێزان و هاوڕێیانی قوربانییان و رزگاربووانی ئەم رووداوە تراژیدییە دەمێنێتەوە. بە وردی لێکۆڵینەوە لە ئەنجام و راسپاردەکانی راپۆرتەکە دەکەین. پاسەوانی کەناراوەکان بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی رۆڵی سەرەکی خۆی لە پاراستنی ژیانی مرۆڤەکان لە دەریادا."
هاوکات گوتەبێژێکی حکومەتی بەریتانیا رووداوەکەی بە "تراژیدی" ناوبرد و رایگەیاند، هەرچەندە "باشتربوونی بەرچاو" لە شێوازی وەڵامدانەوەی رووداوەکانی نۆکەندی ئینگلیزدا کراوە، بەڵام پێویستە کۆتایی بەو مۆدێلە بازرگانییە بهێنرێت کە تێیدا تاقمە تاوانبارەکان خەڵک دەنێرنە ناو دەریا و ژیانیان دەخەنە مەترسییەوە لەناو بەلەمی ناسەلامەت و بێ کەلوپەلی پاراستن.
وەزارەتی گواستنەوەی حکومەتی بەریتانیا بەڵێنی داوە لە کاتی خۆیدا وەڵامێکی تەواو بۆ هەر 18 راسپاردەکەی لیژنەی لێکۆڵینەوە بداتەوە، بە تایبەت لە بابەتەکانی پەیوەست بە چاودێریکردن و دابینکردنی کەلوپەلی پێویست بۆ تیمەکان.
هایدی ئەلیکساندەر، وەزیری گواستنەوەی بەریتانیا دووپاتی کردووەتەوە، حکومەت بە بایەخێکی زۆرەوە لێکۆڵینەوە لە نێوەڕۆکی راپۆرتەکە دەکات.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، لە ساڵی 2025، زیاتر لە 40 هەزار کەس لە جیهانەوە بە نۆکەندی ئینگلیزدا پەڕیونەتەوە.