بەفر رێگەی زیاتر لە هەزار گوندی لوڕستانی گرتووە

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی شەپۆلێکی بەهێزی بەفربارینەوە، رێگەی هاتووچۆی هەزار و 20 گوند لە پارێزگای لوڕستان گیراوە؛ بەڕێوەبەری ناوەندی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگاکەش دەڵێت، کارەبا و ئینتەرنێتی بەشێکی زۆر لە گوندەکان پچڕاوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 05-02-2026، مەهدی پازوکی، بەڕێوەبەری ناوەندی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە رۆژی سێشەممەوە شەپۆلێکی سەرما و بەفربارین پارێزگاکەی گرتووەتەوە و بەو هۆیەوە رێگەی گوندەکانی سنووری شارەکانی دلفان، بروجێرد، ئەلیگودەرز و ئەزنا داخراون.
 
مەهدی پازوکی ئاماژەی بەوە کرد، بارینی بەفرێکی زۆر گوشاری خستووەتە سەر تەلەکانی کارەبا و بووەتە هۆی پچڕانی کارەبای بەشێک لە گوندەکان و شاری ئەلیگودەرز. گوتیشی: "تیمەکان لە هەوڵدان بۆ چاککردنەوەی کارەبای گوندەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا کارەبای نێو شاری ئەلیگودەرز چاککراوەتەوە."
 
جگە لە کارەبا، بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە هێڵەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندیکردن لە بەشێکی زۆری گوندەکاندا پچڕاون، ئەمەش دۆخی دانیشتووانی ئەو ناوچانەی قورستر کردووە.
 
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی ئێران، ئەو بارستە هەوا ساردەی رووی لە ناوچەکە کردووە، زۆربەی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و کاریگەرییەکانی تاوەکو رۆژی هەینی بەردەوام دەبێت.
 
ناوەندی کۆنترۆڵی قەیرانی لوڕستان هۆشداری دەداتە هاونیشتمانیان کە لەم چەند رۆژەدا گەشتی ناپێویست نەکەن، چونکە بەهۆی بەفر و کڕێوەوە مەترسیی لەسەر رێگە سەرەکییەکانیش دروستبووە.