ئیڤان جانێ: نموونەی جوانی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان وای لە پاپا کرد سەردانی عێراق بکات

 
رووداو دیجیتاڵ

کەسایەتییەکی کریستیان و مامۆستای زانکۆ دەڵێت هەرێمی کوردستان زۆر لە بەشەکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق جیاوازە و کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان هەست بە بوونی خۆیان دەکەن.
 
ئیڤان جانێ، مامۆستای زانکۆ و کەسایەتیی کریستیان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنێکی هەواڵەکانی رادیۆی رووداو رایگەیاند "لە موسڵەوە تاوەکو بەسرە کە ژمارەیەکی زۆر کریستیانی تێدا دەژیا، ئێستا کەم بووەتەوە. رێژەی کریستیانەکان لە عێراقدا نزیکەی 15% کەمبووەتەوە و بەشی هەرە زۆریان کۆچیان کردووە یان لە هەرێمی کوردستان گیرساونەتەوە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەست بە بوونی خۆمان دەکەین".
 
رۆژی هەینی 5ی ئاداری 2021 لە کاژێر 09:35 خولەک بە کاتی هەولێر، پاپا فرانسیس لە فڕۆکەخانەی فیومیچینۆ لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیاوە بەرەو بەغدا بەڕێکەوت و پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژ دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا.
 
ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئاماژەی بەوە دا کە سەردانەکەی پاپا زۆر پەیام هەڵدەگرێت، بەڵام ئەو پەیامەی خۆی جەختی لەسەر دەکاتەوە ئەوەیە وەکو نێردەیەکی ئاشتی دێتە عێراق و نوێژ و نزا دەکات تاوەکو پێکەوەژیان و لێبوردن لەدوای چەندین ساڵ لە شەڕ و نەهامەتی و تیرۆر بنبڕ بکرێت.
 
بڕیارە پاپای ڤاتیکان رۆژی یەکشەممە 7ی ئاداری 2021 سەردانی هەرێمی كوردستان بکات و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
 
ئیڤان جانێ جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان زۆر لە بەشەکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق جیاوازە و گوتیشی "ئەگەر هەرێمی کوردستان ئەم نموونە جوانەی پێکەوەژیانی پێشکەشی جیهان نەکردایە، پاپا فرانسیس بیری لەوە نەدەکردەوە کە سەردانی عێراق بکات. ئەوە وای لە پاپا کرد کە دەبێت سەردانی عێراق بکات".
 
چەند ساڵێکە باس لە سەردانی پاپا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و پێشهاتەکان لە رابردوودا سەردانەکە دواخراوە.
 
ئیڤان جانێ ئەوەی خستەڕوو کە ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و هەردوو حکومەت زۆر بەختیارن کە سەرکردەیەکی باڵا کە پاپا فرانسیسە و رابەری کەنیسەی کاسۆلیکیی رۆژئاوایە، سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.
 
رۆژی شەممە 6ی ئاداری 2021 پاپا بەرەو نەجەف بەڕێدەکەوێت، چاوی بە عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی باڵای شیعەکان دەکەوێت. دواتر دەچێتە شاری ئووری شوێنەواری و بۆ ئێوارەکەی لە بەغدا بەشداریی رێوڕەسمی کەنیسەی مار یوسفی کلدانی دەکات.
 
پاپا فرانسیس تەمەنی 84 ساڵە و سەرکردەی رۆحیی زیاتر لە ملیارێک و 300 ملیۆن کریستیانی کاسۆلیکییە. لە ساڵی 1957دا لە تەمەنی 21 ساڵیدا تووشی هەوکردنی قورسی سییەکان بووە کە دواتر بە نەشتەرگەری بەشێک لە لای راستی سییەکانی بڕدرا. لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا تووشی ئازاری بڕبڕەی پشت بوو کە بۆ ئازاری جومگە و پێیەکانی گوازرایەوە و جووڵەی قورستر کرد.