دوو بزن دوای 637 كاژێر له روودانی بوومەلەرزەکە لە باکووری کوردستان رزگار كران
رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچكهی نورحەقی سەر بە پارێزگای مەرەش لە باکووری کوردستان، دوو بزن دوای 637 کاژێر لە روودانی بوومەلەرزەکە بە زیندوویی رزگار کران.
ئیلکەر گوندوزئۆز، پارێزگاری مووش کە سەرپەرشتیاری راستەوخۆی پرۆسەی لادانی داروپەردوو و ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای مەرەشە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، تیمەکان له كێڵگهیەکی گوندی ئاڵچیچەک سهر به شارۆچكهی نورحەق لە کاتی لابردنی داروپهردوودا گوێیان له دەنگی ئاژەڵ بووە.
وەکو پارێزگاری مووش دەڵێت، دوای ئهوهی داروپەردووەکەیان لابردووە، دوو بزنیان بینیوە و رزگاریان کردوون.
ئیلکەر گوندوزئۆز ئاماژە بەوە دەکات، هەردوو بزنەکە چارەسەریان بۆ کراوە و رادەستی موختاری گوندەکە کراون، چونکە خاوەنەکەیان لەوێ نەماوە.
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ی شووباتی 2023 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر، کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا 45 هەزار و 968 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 115 هەزار کەسیش بریندار بوون.
بوومەلەرزەکە کاریگەریی گەورەی لەسەر بەشێکی رۆژئاوای کوردستان و سووریاش هەبوو و نزیکەی 6000 کەس لەوێ گیانیان لەدەستداوە.