پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دوو کەرت دەبێ؛ سەرۆک جێگرەکەی دەردەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە گوڵەخانە، لەسەر داوای محەممەدی حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، کۆبوونەوەی سەرکردایەتی ئەو حیزبە کرا و تێیدا، بڕیار لە دوورخستنەوەی عەبدوڵڵای حاجی مەحموود وەکو جێگری سەرۆک درا.
محەممەدی حاجی مەحموود و عەبدوڵڵای حاجی مەحموود برای یەکترین، لە حیزبیشدا سەرۆک و جێگر.
کۆبوونەوەکە نائاسایی و بە بەشداری ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی، مەکتەب سیاسی و بەرپرسی مەڵەبەندەکان بوو.
ئەم حیزبە تەمەنی 45 ساڵە و یەکەمجاریشی نییە کێشەی تێبکەوێت، بەڵام ئەمجارە وەک گەورەترین کەرتبوون لە مێژووی ئەم حیزبە دەردەکەوێت.
د. فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکرات دەڵێت، عەبدوڵڵای حاجی مەحموود کە برا و جێگری سەرۆکی حیزب بوو ئیتر تەنیا برایەتییەکە ماوەتەوە، چیتر هیچ پۆستێکی نامێنێ و دەرکراوە.
د. فەرهاد تۆفیق بە رۆژنامەڤانانی گوت، "پێشتر ژمارەیەک لە هەڤاڵانمان سەردانی کاک عەبدوڵڵایان کردووە و ئاگاداریان کردووەتەوە لەوەی کە چ بکات و چ شتێکیش واز لێبهێنێت و پێیان گوتووە کە ئەوانە کاری ناپەیڕەوی و ناحیزبین، بەڵام ئەو گوێی بۆ ئەو هەڤاڵانە نەگرتووە و پابەند نەبووە و کاری ناپەیڕەوی کردووە؛ بۆیە ئەمڕۆ بڕیارماندا دەری بکەین".
سۆسیالیست هەرزوو شوێنگرەوەشی بۆ عەبدوڵڵای حاجی مەحموود دیاری کرد و محەممەد دۆڵاشی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتەکەی تا کۆنگرەی داهاتووی حیزبەکە وەک جێگری کاربەڕێکەر دیاری کرد.
لەلایەکی دیکەوە و لە بارەگای هەولێری پارتی سۆسیالیست، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، "من هەر جێگرم و بڕیارەکە نایاسایی و ناپەیڕەوی بووە".
عەبدوڵڵای حاجی مەحموود ئاماژەی بەوە کرد، "هەڵوەشانەوەی پۆستی سەرۆک و جێگری سەرۆکی حیزب لەنێو پەیڕەوی پارتی سۆسیال دیموکرات لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی حیزب نییە؛ بۆیە بڕیارەکە پەیڕەوی نییە".
بڕیارەکەی سەرکردایەتی سۆسیالیست تەنیا بۆ پۆستە حیزبییەکەی نییە، بەڵکو بڕیارە هەرچی موڵک و ئۆتۆمبێل و پاسەوانی حیزبییە لێی وەربگرنەوە، بەڵام هێشتا بۆ پۆستە وەزیرییەکەی عەبدوڵڵای حاجی مەحموود هیچ بڕیاریان نەداوە.
ئەمڕۆ کە کێشەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کورستان گەیشتنە ئەم ئاستەی ئێستا و تەقینەوە، دوو ساڵی تەواو بەسەر دوایەمین کۆنگرەی حیزبەکە تێدەپەڕێت.
لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشدا ئەم حیزبە لەگەڵ دوو حیزبی دیکە ئینجا توانی یەک کورسی بەدەست بهێنێت، ئێستا ئەو پرسیارە یەخەی بەرپرسانی ئەم حیزبە دەگرێت کە ئایا بۆ ئەم هەڵبژاردنە بە هەردووکیان دەتوانن تەنیا یەک کورسی بەدەستبهێننەوە؟ ئەگەر هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، حوزەیرانی ئەم ساڵ روون دەبێتەوە.