عەبدوڵڵای حاجی مەحموود لە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دوورخرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
پارتی سۆشیال دیموکراتی کوردستان، جێگری سەرۆکی پارتەکەیانی دوورخستەوە و بڕیاریدا بە لێسەندنەوەی سەرجەم دەسەڵات و موڵکەکانی.
د. فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ، سێشەممە، 5ـی ئادار کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و ئەنجوومەنی راوێژکاری و چاودێری لەگەڵ بەرپرسی سەرجەم مەڵبەندەکان بە سەرپەرشتی محەممەدی حاجی مەحممود سەرۆکی پارتی سۆشیالیست دیموکرات بەڕێوەچوو."
دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا "ژمارەیەک تەوەری گرنگ بە ناوخۆی حیزب و هەرێمی کوردستان تاوتێکران".
د. فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان گوتی: "بە زۆرینەی دەنگی سەرکردایەتیی حیزب بڕیاردرا بە دوورخستنەوەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات لە جێگری سەرۆکی حیزب، لە ئەندامێتیی حیزب. سەرجەم پاسەوان و ماڵ و موڵکەکانیشی کە لەڕێی حیزبەوە دەستیکەتوون، لێوەردەگیرێنەوە".
د. فەرهاد تۆفیق سەبارەت بە هۆکاری بڕیارەکە گوتی: "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حیزب، هەر ئەندامێکی سەرکردایەتی لە 30 کۆبوونەوەی سەرکردایەتی ئامادە نەبێت، دوردەخرێتەوە و دەردەکرێت."
گوتیشی، عەبدوڵڵای حاجی مەحموود "لە ریزەکانی حیزبمان دورخرایەوە بەهۆی پابەندنەبوونی بە پەیڕە و پرۆگرامی حیزب و ئامادەنەبوونی لە کۆبوونەوەکان، ئەرکەکانی خۆی پشتگوێ خستووە و دژی سیاسەتی حیزبیش کاری کردووە، بۆیە بە تەواوەتی دەرکراوە".