سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەینەوا بۆ رووداو: 90٪ـی هێرشەکانی سەر هەولێر کەم دەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایدەگەیێنێت، رێکارە ئەمنییەکان لە دەشتی نەینەوا تووند کراون و هێزێکی زۆری سوپا بڵاوەی پێکراوە، بەمەش بەڕێژەی 90٪ـی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان کەم دەبنەوە. ئاشکراشی دەکات کە سەرۆکوەزیرانی عێراق ژمارەیەک بەرپرسی هەواڵگریی لە کارەکانیان دوورخستووەتەوە.
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات دڵنیایی دا لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانەی هێرشەکانیان لێوە دەکرێتە سەر هەولێر و گوتی: "لەو ناوچانەی دەشتی نەینەوا سوپای عێراق بڵاوەی پێکراوە و هەوڵی هەواڵگریشمان بۆ هەموو ناوچەکان زیاد کردووە. ناتوانم بڵێم رێژەی هێرشەکان دەبێتە سفر، چونکە ناوچەی چۆڵەوانی زۆرن و رەنگە بۆشایی مابێت، بەڵام دڵنیایی دەدەین کە 90٪ـی هێرشەکان کەم دەکەن و رەنگە یەکجاریش کۆتاییان پێ بێت."
سەبارەت بە هۆکاری دوورخستنەوەی بەرپرسانی هەواڵگریی پارێزگاکە، محەممەد جاسم کاکەیی ئاماژەی بەوە دا کە نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاگاداری ئەو هێرشانە نەبووە، بۆیە بەهۆی کەمتەرخەمییان لە پێشوەختە ئاگادارنەکردنەوەی سەرووی خۆیان، سوودانی بڕیاری داوە هەموو ئەو بەرپرسە هەواڵگرییانە بگۆڕێت و کەسانی شارەزاتر بخاتە شوێنەکانیان.
لەبارەی ئەو لایەنانەشی لەپشت هێرشەکانن، ناوبراو رایگەیاند: "ئەوانە چەند گرووپێکی بچووکی لاوەکین و سەر بە حەشدی شەعبین، بەڵام لە دەرەوەی فەرمانەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشد لە نەینەوا کار دەکەن و حەشدی شەعبیش نیگەرانە لێیان. تاوەکو ئێستاش دوو لەو گرووپانە ئاشکرا کراون و ناوەکانیان دراوەتە نووسینگەی سەرۆکوەزیران، بەڵام هێشتا هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ محەممەد جاسم کاکەیی
رووداو: ئەو بەرپرسانەی هەواڵگری لە سنووری پارێزگای نەینەوا بۆ لابران؟
محەممەد جاسم کاکەیی: دوای ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا لەسەر کۆی ئەم بارودۆخەی ناوچەکە، بەتایبەتی لە پارێزگای نەینەوا، هەندێک راپۆرتی هەواڵگریش بەهەمانشێوە گەیشتە دەست بەڕێز سوودانی، کە بەپێی ئەوەی بەرپرسی هەموو هێزە چەکدارەکانی عێراقە، هەندێک لە سنووری نەینەوا بەکارهێنرا بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان، یاخود هەندێک پارێزگا و شوێنی تر. ئەمەش بەڕاستی دوورە لە عورفی عەسکەری، چونکە نابێ هیچ هێزێکی سەربازی هێرش بکاتە سەر لایەنێکی تر، چونکە ئێمە هەموومان لەناو یەک دەوڵەتداین. هەربۆیە بەڕێز سوودانی بڕیاریدا بە گۆڕینی هەموو ئەو بەرپرسە هەواڵگرییانە، چونکە پێشتر نووسینگەی سەرۆکوەزیران ئاگادار نەکرابووەوە کە نیەتێکی لەو جۆرە هەیە، یان هەندێک لایەن و گرووپ دەیانەوێت هێرش بکەن. کە ئەمەش بە کەمتەرخەمی ئەوان دادەنرێت، کە ئەمانە کەمتەرخەم بوونە، هەربۆیە دەبێ لاببرێن و کەسانی زیاتر شارەزا بهێنرێتە شوێنیان.
رووداو: ئەوانەی گۆڕاون هەماهەنگییان هەبوو؟
محەممەد جاسم کاکەیی: دیارە رێخۆشکەر بوونە، رێگر نەبوونە، یاخود پێشوەختە سەرەوەی خۆیان ئاگادار نەکردبووەوە.
رووداو: ئاگادار بوون پێشتر کە هێرش دەکرێ و ئەو گرووپانە هێرش دەکەن؟ شوێنەکانیان زانیوە؟ ئێوە دەزانن ئەو شوێنانە کوێن کە ئەو گرووپانە بەکاری دەهێنن؟
محەممەد جاسم کاکەیی: بەڵێ، شوێنەکە دیارە کە دەشتی نەینەوایە بە شێوەیەکی گشتی. ئینجا چەند شوێنێک دەستنیشان کراوە، ئێمە هەندێک شوێن پێشوەختە ئاگامان لێبوو.
رووداو: کوێن؟ دەشتی نەینەوا دەشتێکی فراوان و بەرینە، بە دیاریکراوی لە کوێوە ئەو هێرشانە دەکرێن؟
محەممەد جاسم کاکەیی: بە دیاریکراوی دەتوانم پێت بڵێم، لە سنووری باشیکەوە تا دەگاتە سنووری نەمروود، گوێڕ، ئەم ناوچانە کە لە دیوی مووسڵەوەیە زیاتر ئەم ناوچانە بەکارهێنرا، چونکە نزیکە و هاوسنوورە لەگەڵ هەولێر، ئەم شوێنانە، شوێنێکی کراوە و فراوانیشە. ئەمەیە کەمتەرخەمییەکەی ئەم لایەنە هەواڵگرییانە، هەواڵگری بۆ ئەوەیە کە پێشوەختە ئەگەر درزێک یان خەتەرێک هەبوو، سەرەوەی خۆیان ئاگادار بکەنەوە. خۆ ئەگەر شتەکە روویدا ئیتر بوونی ئەم بەرپرسانە بۆچییە لەم ناوچانە؟ هەربۆیە بەڕێز سوودانی ئەم فەرمانەی دەرکرد، کە ئەمەش بەڕاستی ئێمەی هەموو نیگەران کردووە. جا ئەم ناوچانەی کە دەکرێنە ئامانج لە سنووری نەینەوا، وە هەمییش زەوی یاخود خاکی نەینەوا بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر لایەنەکانی تر، کە ئەمە شتێکی زۆر خراپە، ئاسایشی ناوچەکە و ئارامی ناوچەکە تێکدەدات وە دڵەڕاوکێیەکی دروستکردووە. هەربۆیە بە شێوەیەکی گشتی ئەوەمان رەتکردووەتەوە. ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەسەر داواکاری ئێمە وەکو لیژنەی ئاسایش و بەرگری کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا، کە تێیدا بەڕێز پارێزگاری نەینەواش ئامادە بوو لە دانیشتنەکە، بۆ رێگایریکردن لە بەکارهێنانی خاکی نەینەوا بۆ هێرشکردنە سەر هەر لایەنێکی تر.
رووداو: ئەو ناوچانەی باست کرد، لە باشیک و لە نزیک گوێڕ، لەژێر کۆنترۆڵی کێدان بە شێوەیەکی فەرمی؟ کام فیرقەی سوپا؟ کێ کۆنترۆڵی کردووە؟
محەممەد جاسم کاکەیی: لە نەینەوا هەمووی هاوبەشە، هێزەکان هاوبەشن. بۆ نموونە لە سوپای عێراق ئەمانە فیرقەی شازدەی پێدەگوترێ، وە حەشدی شەعبی لیوای 30، وە پۆلیسی عێراقیشی لێیە وە هەندێک هێزی هەواڵگریشی تێدایە وەکو ئەمنی وەتەنی و هەواڵگری ناوخۆ و هێزەکانی تر. بەڵام ئەم هێزانە، ئەم گرووپانە یاخود با بڵێین ئەو کەسانە کە هێرشیان کردبووە سەر هەولێر بە دیاریکراوی، بەدەرن لەم هێزانەی کە هەن. ئەمانە گرووپێکن هەندێکیان خۆیان ئاشکرا کردووە وە هەندێکیشی رەنگە شوێنی گونجاو نەبێت کە ناوەکانیان ئاشکرا بکەین. ئەم کارەیان خستووەتە ئەستۆی خۆیان کە دوورن لە هێزە فەرمییەکانی عێراق.
رووداو: ئەم گرووپانە چی بەکاردەهێنن بۆ ئەو هێرشانە؟ سەکۆی کاتییان هەیە؟ سەکۆی گەڕۆکیان هەیە؟ یان شوێنێکی دیاریکراویان هەیە، بارەگایان هەیە؟ لە کوێوە مووشەکەکان بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرن؟
محەممەد جاسم کاکەیی: وەکو باسم کرد هەر لەم ناوچانەیە، ئێستا بۆ نموونە دوێنێشەو، ئەوەی کە بیستتان وە چەند مووشەکێک ئاراستەی هەولێر کرا، دیاربوو نزیک بوو لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە یەعنی بە دووریی نزیکەی سێ تا چوار کیلۆمەتر بە ئاراستەی حەمدانییە و بەرتللـە و ئەم ناوچانە. لەوێ سەکۆی گەڕۆک بوو، چەند ئۆتۆمبێلێکی جۆری جێمسی بوون دیارە، ئەم مووشەکانەیان ئاراستە کرد. وە هەندێک رووبەڕووبوونەوەی ناڕاستەوخۆش هەبوو، کە هێزەکانی پێشمەرگە کە درکیان کرد کە لێرەوە هێرش دەکرێت پێیان گەیشت، لیوای سی و سوپای عێراقیش کە درکیان کرد بەمە ئەوانیش دەستیان کرد بە تەقەکردن لەو کەسانە. ئەمەش با روون بێت چونکە دەستێک هەیە لە دەرەوەی ئەم هەموو هێزانە هەوڵی تێکدان و ئاژاوەگێڕی دەدات، بۆیە ئێمە خیتابەکەمان بۆ ئەمان و بۆ هێزەکانی پێشمەرگەش کە زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بکەن رێگە نەدەن هیچ دەستێکی دەرەکی هەوڵ بدات کێشە و گرفت لەنێوان هێزەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگە رووبدات.
رووداو: ئێوە وەکو ئەنجوومەنی پارێزگا ناتوانن بەرپرسی فیرقەکان، بەرپرسی پۆلیس، ئاسایش بۆ نموونە دەزگا ئەمنییەکانی دیکە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەن بانگێشتیان بکەن؟ پرسیاریان لێ بکەن، لێپرسینەوەیان لێ بکەن؟ ناتوانن؟
محەممەد جاسم کاکەیی: بەڵێ، ئێمە بەڕاستی پارێزگارمان بانگهێشت کرد بە حوکمی ئەوەی خۆی بەرپرسی هەموو فەرمانگەکانە لەناویاندا هێزە ئەمنییەکان. کۆمەڵێک یاداشت و راسپاردەمان داوەتێ، لەئەمڕۆ بەیانییەوە دەستیکرد بە جێبەجێکردنی. هەموو ئەو هێزانەی کە لەم سنوورانە هەن، وەکو باسمکرد بەتایبەتی لە سنووری نەمروود و گوێڕ تا دەگاتە شەلالات و تلکێف و ئەم ناوچانە کە هاوسنوورە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کە هێزەکان هاوبەشبن، واتە لە سوپا و پۆلیسی تێدابێت ئەگەر هاتوو هێزی حەشدی شەعبیشی تێدابوو ئەم هێزانەش بوونیان هەبێت بۆ ئەوەی رێگری بکەن لە هەر گرووپێک یان لایەنێک هەوڵ بدات هێرش بکات، بە دیاریکراوی ئەمانە وەکو باس دەکەن پێگەکانی ئەمریکییەکان لە هەرێمی کوردستان، کە رێگری بکرێت لەم کارە. ئێمە پارێزگارمان راسپاردووە بەم کارە ئەویش بەڵێنیداوە بە جێبەجێکردنی.
رووداو: ناتوانن فەرماندەکانی حەشدی شەعبی بانگ بکەن بۆ نموونە لە ناوچەکە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا؟
محەممەد جاسم کاکەیی: بەڵێ دەتوانین، بەڵام وەکو باسمکرد، ئەم گرووپانەی کە ئەم هێرشانەیان کردووە ئەم حەشدانە نین کە پابەندن بە بڕیارەکان.
رووداو: ئەوان ناتوانن رێگری لەو گرووپانەی دیکە بکەن کە ئەم هێرشانە دەکەن؟
محەممەد جاسم کاکەیی: رەنگە نەتوانن، لە هەندێک شوێن، ئەوانمان ئاگادار کردووەتەوە بەڕاستی ئەوان و سوپای عێراقیش چوون، رێگرییان کرد. بۆ نموونە لە سنووری ناوچەیەکی لای نەمروود، گوندێکی بەرامبەر بە ناحیەی گوێڕە، هەوڵی هێرشکردن درا ئەوانمان ئاگادار کردەوە حەشدی شەعبی و تەنانەت سوپای عێراقیشمان ئاگادار کردەوە چوونە ئەوێ وە نەیانهێشت هێرش بکرێ.
رووداو: کاک محەممەد جەنابت دەبینی هێرشەکان بەردەوامن شەوی رابردوو، ئەو دوو سێ رۆژەی رابردوو بەردەوام هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەبینی، وەکو سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگا، وەکو کوردێک لە ئەنجوومەنی پارێزگا. چی بەڵێنێک بە خەڵکی کوردستان دەدەی بۆ رێگریکردن لەو هێرشانەی کە بەلایەنی کەمەوە لەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی ئێوەوە دەکرێن؟
محەممەد جاسم کاکەیی: وەکو بەڵێن ناتوانین هیچ بەڵێنێک بدەین. بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین، هەوڵمانداوە وەکو باسمکرد، یەکێک لە هەوڵەکان دانیشتنێکی نائاساییمان کرد و پارێزگارمان راسپارد کە هەموو هێزە ئەمنییەکان رابسپێرێ، کە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ نەکرێت خاکی نەینەوا بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان یان هەر شوێنێکی تر. ئەمە لە لایەک، لە لایەکی تریش بەردەوام چاودێری هەموو هێزەکان دەکەین. هەرکاتێک درک بکەین هەر گرووپێک یان لایەنێک هەوڵبدات پشێوی بنێتەوە یان هێرش بکاتە سەر هەر لایەنێک، بێگومان ئیجرائاتی یاساییان لەگەڵ دەکرێت. ئێمە بەشێکین لە نەینەوا و کوردی ئەم شارەین، ئەمنیەت و ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لە ئاسایشی پارێزگای نەینەوا. ئێمە هاوسنوورین. نەینەوا و هەولێر ئەگەر بێیت و تەماشای بکەی هاوتایەکن. بەهیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەین لە هەمان کاتیشدا، هەوڵدەدەین ئەو لایەنانەش تێبگەیەنین کە ئەمانیش هێرش نەکەن.
رووداو: دیارن کێن؟ ناسراون؟ کەسەکان ناسراون؟ هێزەکان ناسراون؟ یان ناناسرێنەوە؟
محەممەد جاسم کاکەیی: ئێمە تائێستا گرووپێکمان ئاشکرا کردووە کە هەوڵی دابوو شەوی رابردوو هێرش بکات یاخود هێرشی کردە سەر هەولێر.
رووداو: کێن؟ ناویان چییە؟
محەممەد جاسم کاکەیی: لای نووسینگەی سەرۆکوەزیرانە، خۆی بە فەرمی رای ئەگەیەنێت ئەو ناوە، من ناتوانم ناوەکەی بڵێم.
رووداو: ئێوە لێکۆڵینەوەتان کردووە کاک محەممەد، لەو شوێنانەی کە خۆتان بەدوایدا رۆیشتوون، چوون بزانن لەکوێوە ئەو مووشەکانە دەهاوێژرێ. خۆتان شوێنەکانتان بینیوە؟
محەممەد جاسم کاکەیی: بەڵێ، ئەو شوێنانەمان ئاشکرا کردووە، سێ شوێنی سەرەکی کە بەکارهێنرا. هەر سێکیانمان ئاشکراکرد ئێستا سوپای عێراق لێیەتی وە ناهێڵن لەم شوێنانەوە ئاراستە بکرێت. خۆت دەزانی هەندێک شوێنی چۆڵەوانییە ئەوان بەکاری دەهێنن، یان دۆڵێک ئەمانە نایەن لە شوێنی بەرچاو ئەم کارانە بکەن.
رووداو: چی بەکارهێنراوە بۆ هێرشەکان؟ بە دیاریکراوی سوپای عێراق یان ئێوە یان هێزەکانی عێراقی بەشێوەیەکی گشتی، لە هەوڵدان بۆ رێگریکردن لە هەر هەوڵێک کە بیەوێت هەر شوێنێک بەکاربهێنێت. ئەوەی کە دەستگیرکراوە بەسەریدا، چی گیراوە تاوەکو ئێستا؟ ئەوەی کە بەکاریانهێنا دیاربوو سارۆخ بوو؟ درۆن بوو؟ جۆری درۆنەکە دروستکراوی کوێ بوو؟ ئەو شتانە دەرکەوتوون؟
محەممەد جاسم کاکەیی: ئەوەی راستی بێت ئەوەی کە دەست بەسەری گیرا، 'قائیدە'ی هاوەن بوو، باسیش دەکرێت کە درۆنیشیان ئاراستەی هەرێمی کوردستان کردبوو بەڵام دەست بەسەر درۆنەکاندا نەگیرا بوو. بەپێی زانیارییەکان، درۆنەکان دروستکراوی ناوخۆیین.
رووداو: خۆیان دروستی دەکەن؟
محەممەد جاسم کاکەیی: بەپێی ئەوەی پێکهاتەی درۆنەکە کە دانەیەکیان دەستی بەسەردا گیراوە، هەر هەمان ئەو درۆنە بچووکانەن بەڵام چەند پەروانەیەک، پانکەیەکی بۆ زیاد کرابوو، نزیکەی چوار تا پێنج کیلۆگرام تی ئێن تی هەڵدەگرێت.
رووداو: ئەو گرووپەی کە ناتەوێ ناوی بێنی و دراوە بە نووسینگەی سەرۆکوەزیران، سەر بە حەشدن؟
محەممەد جاسم کاکەیی: خۆی گرووپەکە، یەکێکە لە گرووپەکانی حەشد بەڵام وەکو باسمکرد، ئەم حەشدانە نین کە پابەندن بە بڕیارەکانی حەشد کە لە نەینەوا هەیە. ئەمەشم ئامانجە پێت بڵێم، ئەمە راستییە نەک قسەکردنە، بەرپرسی فەرماندەی عەمەلیاتی حەشد زۆر نیگەرانە لەم دۆخە، زۆریش تەئکید لەسەر هەموو هێزەکانی حەشد دەکاتەوە کە بەهیچ شێوەیەک قبوڵی ناکات کە خاکی نەینەوا بەکاربهێنن بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان یاخود هەر شوێنێکی تر.
رووداو: ئێوە دەترسن لەوەی شەڕەکە بۆ نەینەوا بگوازرێتەوە؟
محەممەد جاسم کاکەیی: نامانەوێت نەینەوا ببێتە ناوچەی ململانێ و شەڕ و پێکدادان. چونکە ئەم شەڕە، شەڕی ئێمە نییە، پەیوەندی بە ئێمەوە نییە. ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران ئێمە توانای شەڕکردنمان نییە، نە ئەو جۆرە ئامێرەمان هەیە کە بتوانین رووبەڕوویان ببینەوە. بۆچی خۆمان بکەینە لایەنێک لەم شەڕە، ئارامی و سەقامگیری ناوچەکەش بشێوێ. من دڵنیات دەکەمەوە لە سنووری نەینەوا لە حکومەتی خۆجێیی و ئەنجوومەن و پارێزگار هەموو هێزە ئەمنییەکانیش کە هەیە، کەسیان حەز بەم کارە ناکەن، وە هەوڵیش دەدەن رێگری لەم کارانە بکەن.
رووداو: ئەوان کەسیان حەز ناکەن و حەشدی شەعبیش لەگەڵ ئەم بابەتە نییە و ئەو گرووپانەشی وەک دەرئەکەوێ بچووکتربن لە حەشدی شەعبی و لەڕووی ئیمکانیەت و دەسەڵات و هێزەوە، بۆچی ناتوانرێ رێگرییان لێ بکرێ؟ بۆچی حەشد خۆی رێگرییان لێ ناکا؟ بەشێکیش لەو ناوچانەی کە هێرشی لێ دەکرێ، لەژێر دەسەڵاتی حەشدایە، حەشد بۆ رێگری لێ ناکا؟
محەممەد جاسم کاکەیی: لەگەڵیان دانیشتین ئەمان دەڵێن ئێمە هەوڵی کۆنترۆڵکردنیان دەدەین بەڵام هەندێجار لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئێمەن. رەنگە گرووپی بچووک بچووکیش بن، مەرج نییە وەکو فەوجێکیان سریەیەک، ئەمانە هەندێک گرووپی بچووک بچووک هەیە. لە دەرەوەی ئیرادەی حەشد ئەم کارە دەکەن، چونکە حەشدە فەرمییەکە، لەژێر دەسەڵاتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانە کە ئەمەش بەهیچ شێوەیەک رێگە نادات بەم پێشێلکارییە. بەڵام دیارە گرووپی لاوەکی هەیە، ئەم کارانە دەکەن.
رووداو: چەند کەس یان چەند گرووپ گیراون لەو گرووپە لاوەکییانە، تاوەکو ئێستا؟
محەممەد جاسم کاکەیی: دوو گرووپ ئاشکرا کراون، بەڵام تائێستا هیچیان دەستگیر نەکراون.
رووداو: کەس دەستگیر نەکراوە تاوەکو ئێستا؟
محەممەد جاسم کاکەیی: نەخێر.
رووداو: ئەم لێپرسینەوەیەی سەرۆکوەزیران و ئەم نیگەرانیانەی ئێوە و ئەم رێوشوێنانەی کە پارێزگا و حەشدی شەعبی و سوپا گرتوویەتیە بەر، وا دەکات ئەو هێرشانە کەم ببنەوە یان کۆتایی پێبێ؟
محەممەد جاسم کاکەیی: ئێستا ئێمە لە هەموو ئەو ناوچانەی کە باسمانکرد، دابەشکردنێکی گەورەی سوپای عێراقمان کردووە لەم ناوچانە و توانای هەواڵگریشی زیادکراوە، لەسەر هەموو ناوچەکان. ناتوانم بڵێم دووبارە نابێتەوە، بەڵام 90٪ـی هێرشەکان کەم دەکاتەوە وە رەنگە کۆتاییشی پێ بهێنێت، بەڵام رەنگە هەندێ شوێنی فەراغ هەبێت بەکاری بهێنن، بۆیە ناتوانم بڵێم سەتا سەد کۆتایی پێ دەهێنێت. بەڵام لێپێچینەوەی زۆر باش بوو، سوپای عێراق و پۆلیسی خۆجێی سنوورەکە، هەموو خرانە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ ئەوەی رێگری بکەن لە هەر گرووپ و لایەنێک کە بیەوێت خاکی نەینەوا و ئەم ناوچانەی دەشتی نەینەوا بەکاربهێنێت بۆ ئامانجی شەخسی خۆیان.
رووداو: دڵنیایی ئەدەی بە خەڵکی هەولێر کە لە 90٪ـی هێرشەکان بەتایبەتی ئەوانەی لە دەشتی نەینەواوە دەکرێت کەم دەبنەوە و کۆتاییان پێدێ؟
محەممەد جاسم کاکەیی: بەڵێ، هەوڵەکان بەو ئاراستەیە کە کۆتایی پێبێت بەشێوەیەکی گشتی و ئێمەش چاودێری بارودۆخەکە دەکەین. وەکو باسمکرد ئارامی و ئاسایشی هەولێر بەشێکە لە ئارامی و ئاسایشی نەینەوا. قبووڵ ناکەین خاکی نەینەوا بەکاربهێنرێت دژ بە هەولێر. ئێمە خەڵکی نەینەوا تا ئێستا بە هەموو پێکهاتەکانەوە خۆیان بە قەرزداری هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی دەزانن کە لە ساڵەکانی رابردوو لە 2014 کە دوای ئەوەی تیرۆستانی داعش هێرشیان کردە سەر نەینەوا دەرگای ماڵ و شاریان بۆ ئەم خەڵکە کردەوە، ئێمە لێرە وەکو نوێنەرانی کورد، وەکو ئەرکێکی سەرشانی خۆمان وەکو سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری، هەموو تواناکانی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی ئەم کارانە دووبارە نەبنەوە.