مەسرور بارزانی: پێویستە بە هەموو شێوەیەک پارێزگاری لە دەسەڵاتە شەرعییەکان بکەین

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لە سایەی راپەڕین و خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی خەڵکی کوردستان"، ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان خاوەنی دەسەڵاتە شەرعییەکانە و "پێویستە بە هەموو شێوەیەک پارێزگارییان لێبکەین".
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 05-03-2025، 35ـەمین ساڵیادی راپەڕینی خەڵکی هەرێمی کوردستانە. 
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، " گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت کوردستانییان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربڵندی شەهیدان دەکەم".
 
مەسرور بارزانی لەم رۆژەدا ئاماژە بەوە دەدات، "لە سایەی راپەڕین و خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی خەڵکی کوردستان، ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان خاوەنی قەوارە و دامەزراوە فەرمی و شەرعییەکانە، كە پێویستە بە هەموو شێوەیەک، پارێزگارییان لێ بکەین و زیاتر پەرەیان پێ بدەین".
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە،  یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان، "گەورەترین و بەهێزترین سەرمایەمانە" و ئەمڕۆش پێویستە "خەڵکی کوردستان، زیاتر لە هەر کاتێک، پارێزگاری و داکۆکی لە دەستکەوتە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی بکات، لەپێناو داهاتوویەکی باشتر و پێشکەوتووتردا".
 
دەقی راگەیێندراوەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:
 
لە (35)ــەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی مەزن و شکۆداری 1991ی خەڵکی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت کوردستانییان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربڵندی شەهیدان دەکەم.
 
ڕاپەڕین یەکێکە لە شکۆدارترین دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان، کە بەرهەمی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بوو. لە سایەی ڕاپەڕین و خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی خەڵکی کوردستان، ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان خاوەنی قەوارە و دامەزراوە فەرمی و شەرعییەکانە، كە پێویستە بە هەموو شێوەیەک، پارێزگارییان لێ بکەین و زیاتر پەرەیان پێ بدەین.
 
لەم یادە شکۆدارەدا، جەخت لەوە دەکەینەوە، کە یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان، گەورەترین و بەهێزترین سەرمایەمانە و وەک چۆن لە سایەی یەکگرتووییی گەلی کوردستان، ڕاپەڕینی ئاداری 1991 سەرکەوت و بە ئەنجام گەیشت و دەستکەوتەکانی ئەمڕۆی لێ بەرهەم هات، لەم ساتەوەختەی ئەمڕۆشدا، پێویستە خەڵکی کوردستان، زیاتر لە هەر کاتێک، پارێزگاری و داکۆکی لە دەستکەوتە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی بکات، لەپێناو داهاتوویەکی باشتر و پێشکەوتووتردا.
 
بەرز و شکۆدار بێت یادی ڕاپەڕینی مێژووییی 1991.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
خودای مەزن کوردستان بپارێزێت.
 
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2026/3/5