بنکە سەربازییەکانی ئێران لە کرماشان بە چڕی بۆردوومان کران
رووداو دیجیتاڵ
لە بەرەبەیانی پێنجشەممەوە هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە درۆن، مووشەک و فڕۆکە دەیان بنکەی سەربازی و ئەمنیی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووەتە ئامانج.
جیاوازیی هێرشەکانی ئەمڕۆ پێنج شەممە 5ی ئاداری 2026 لەگەڵ رۆژانی رابردوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەوەدایە، پێنجشەممە ژمارەیەکی زیاتر لە سەربازگەکانی ئەرتەش (سوپا) کرانە ئامانج.
پارێزگای ورمێ
شەوی پێنجشەممە، سەربازگەی ئەرتەش لە نزیک شاری پیرانشار بە مووشەک کرایە ئامانج، هەروەها ژمارەیەک بنکەی سوپای پاسداران لە ناوچەی سنووریی (کانی خودا) لە سنووری رۆژهەڵات و باشووری کوردستان بۆردوومانکران.
پارێزگای کرماشان
شەوی پێنجشەممە لەنێو شاری کرماشان، بە مووشەک هێرش کرایە سەر فەرماندەیی پۆلیسی شارەکە، هەروەها هێرشکردنە سەر بنکە و بارەگا ئەمنی و سەربازییەکان لە شاری کرماشان بە درێژایی رۆژ بەردەوام بوو. یەکێک لەو شوێنانەی ئێوارەی پێنجشەممە بۆردوومانکرا، بنکەیەکی سەربازی بوو لە ناوچەی چەمچەماڵ لە نزیک شاری بێستوونی کرماشان.
رۆژی پێنجشەممە دوو بنکەی پۆلیس و چەند ئامانجێک لە دەوروبەری گۆڕەپانی نەوتی کرماشان جارێکی دیکە بۆردوومانکرانەوە.
بەپێی سەرچاوەکان لە کرماشانەوە، بارەگا سەرەکییەکانی سوپای پاسداران، بەڕێوەبەرایەتیی ئیتڵاعات و بەڕێوەبەرایەتیی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی حکومی لە نزیک ئەو گۆڕەپانەن. هەروەها لە گەڕەکی شەشی بەهمەنی کرماشان باڵەخانەیەک کرایە ئامانج.
شەوی پێنجشەممە سەربازگەی (هیمەت)ـی روانسەر لە پارێزگای کرماشانیش بۆردوومانکرا.
بەیانیی پێنجشەممە، سەربازگەی سوپای پاسداران لە قەراخ شاری سونقوری پارێزگای کرماشانیش بۆردوومانکرا.
هەروەها ناوەندی فەرماندەیی پاسەوانیی سنوور لە شاری قەسری شیرینی پارێزگای کرماشانیش بەیانیی پێنجشەممە کرایە ئامانج.
پێشنیوەڕۆی پێنجشەممە، سێ ناوەندی سەربازی لە شاری کرێندی پارێزگای کرماشانیش کرانە ئامانج. بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لەو شوێنانە، کۆگەی چەک و تەقەمەنی بوو.
بنکە ئەمنی و سەربازییەکان لە شاری جوانڕۆش لە هەمان پارێزگا جارێکی دیکە بۆردوومانکرانەوە. بەپێی ئەو زانیارییەکان لە ناوچەکەوە، ناوەندی فەرماندەیی و بنکەی سەرەکیی پۆلیس لە شاری جوانڕۆ بۆردوومانکراوە.
پارێزگای ئیلام
نزیک کاژێر شەشی بەیانیی بە کاتی رۆژهەڵاتی کوردستان ( ٦:٣٠ بە کاتی هەولێر)، ناوەندی فەرماندەیی پۆلیسی ئێران لە نزیک شاری ئەیوان لە پارێزگای ئیلام بۆردوومانکرا.
میدیا حکومییەکان لە ئیلام بڵاویانکردەوە بەهۆی ئەوەی "رێکاری پێویست گیرابووەبەر" هێرشەکە زیانی گیانیان نەبووە و تەنیا شەش کەس برینداربوون و تەندروستیی بریندارەکانیش جێگیرە.
پارێزگای لوڕستان
رۆژی پێنجشەممە لە شاری خوڕەمئاوا و دەوروبەری، چەند شوێنێک کرانە ئامانج. یەکێک لەو شوێنانە، فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای لوڕستانە.
بەڕێوەبەری دەستەبەری کۆمەڵایەتیی پارێزگای لوڕستان دەڵێت، لە هێرشەکاندا زیان بە ناوەندێکی تەندروستیی سەر بە دەستەبەری کۆمەڵایەتیش گەیشتووە.
پێشنیوەڕۆی پێنجشەممە، ناوەندی فەرماندەیی پۆلیس لە شاری نورئاوای پارێزگای لوڕستانیش بە درۆن کرایە ئامانج.
پارێزگای سنە
لەنێو شاری سنە لە درەنگانی شەوی چوارشەممەوە تاوەکو پێشنیوەڕۆی پێنجشەممە، سەربازگەی (ئیمام عەلی)ـی سوپای پاسداران لە ناوچەی دۆشان، ناوەندی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی حکومی، فەرماندەیی پۆلیس، بنکەی پۆلیس لە گەڕەکی (شارۆچکەی سەعدی) و چەند ئامانجێکی دیکە کە دیار نییە چین، کراونەتە ئامانج.
بنکەیەکی سەربازی لە گوندی گەشکی سەر بە شاری کامیارانی پارێزگای سنەش کرایە ئامانج.
رۆژی پێنجشەممە چەندجار فڕۆکە بە ئاسمانی شاری دێولانی پارێزگای سنەدا سووڕایەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شوێنێک لەو شارە بۆردوومان نەکراوە.
تاوەکو ئێستا دامەزراوە حکومی و سەربازییەکان لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماری قوربانیانی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلیان بڵاونەکردووەتەوە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە هێرشەکان دا ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ئێران کوژراون و برینداربوون، بەڵام ژمارەی تەواوی قوربانیان نازاندرێت. لەنێو قوربانیانی هێرشەکاندا، خەڵکی سیڤیلیش هەن.