هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە
رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو دوایین ساتەکانی شەشەمین رۆژی جەنگ، ئیسرائیل و ئەمریکا لە هێرشکردنە سەر بنکەکانی سوپای پاسداران، سوپای ئێران و پۆلیسی وڵاتەکە لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران، بەتایبەتی لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بوون.
لە بەرەبەیانی پێنجشەممە، 05-03-2026ـوە، ئیسرائیل و ئەمریکا چەندین هێرشی چڕیان کردە سەر ئامانجی دیاریکراو لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران و هەر پێنج پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان، لەوانەش بنکەکانی سوپای پاسداران، بەسیج، پۆلیس، ئیتڵاعات و سوپای وڵاتەکە.
سنە
لە ناوەندی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەنگ و رەنگی پارێزگاکە کرایە ئامانج. بەگوێرەی ئەو گرتەڤیدیۆیانەی کە لە هێرشەکە بڵاوکراونەتەوە، دوای تەقینەوەیەکی بەهێز، دووکەڵێکی چڕ لە باڵەخانەکە بەرز دەبێتەوە.
یەکێک لە هێرشەکان کاژێر 09:30 خولەکی بەیانی بۆ سەر بنکەی ئیمام عەلیی سوپای پاسداران لە گەڕەکی دۆشانی شاری سنە بوو، هاوکات بنکەی پۆلیسی ژمارە 16ـی گەڕەکی سەعدیی شارەکەش کرایە ئامانج.
کاژێر 09:30 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ، بنکەی بەیتولموقەدەسی سەر بە سوپای پاسدارانیش لە ناوەندی شاری سنە بۆردوومان کرا.
بەگوێرەی زانیارییەکان هەر لە ناوەندی شاری سنە، سێ مووشەک بەر چوارڕێیانی ژاندرمە کەوتوون، کە باڵەخانەی قایمامییەتی شارەکە و بنکەی پۆلیسی ژمارە 13 لەو ناوچەیە هەڵکەوتوون.
هەروەها بۆردوومانەکانی سەر بنکەکانی سوپای پاسداران و ئیتڵاعات لە شارەکانی بانە و سەقزی سەر بە پارێزگای سنە بەردەوام بوون.
ورمێ
بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە بڵاوکراونەتەوە، چەندین هێرش کراونەتە سەر بنکەی پاسەوانی سنووری پارێزگای ورمێ لە ناوچەی سەردەشت.
بەرەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە بنکەیەکی سوپای پاسداران و باڵەخانەی قائیمقامییەتی شاری بۆکانیش بۆردوومان کران.
هاوکات ئیدارەی ئیتڵاعاتی شاری ورمێ کراوەتە ئامانج و بە تەواوی خاپوورکراوە.
بنکەی سوپای پاسدارانی سەردەشتیش یەکێک لەو ئامانجە بوو کە رۆژی پێنجشەممە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە هێرشی کرایە سەر و بەگوێرەی گرتەڤیدیۆکان، بە تەواوی لەنێوچووە.
کرماشان
بنکەکانی سوپای پاسداران لە شارەکانی سونقور و پاوەی سەر بە پارێزگای کرماشانیش لە هێرشەکاندا پارێزراو نەبوون و بە خەستی بۆردوومان کران.
لە قەسری شیرینیش بە درۆن هێرشکرایە سەر ناوەندی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری شارەکە، بەڵام بەهۆی رێگریی هێزە ئەمنییەکان، هیچ زانیارییەک لەسەر ژمارەی قوربانییان بەردەست نییە.
هەر ئەمڕۆ هێرشێکی چڕ کرایە سەر بنکەی سوپای پاسداران لە شاری هەرسینی پارێزگای کرماشان.
کاژێر 19:10 خولەک (بەکاتی ئێران) هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی ''هیممەت''ـی سوپای پاسداران لە شاری روانسەری کرماشان و بە چڕی بۆردوومان کرا.
هەروەها کاژێر 19:20 خولەکی ئەمشەو (بەکاتی ئێران) هێڕشکرایە سەر چەندین ئامانجی سەربازیی دیکە لە ناوەند و رۆژهەڵاتی شاری کرماشان.
ناوچە سنوورییەکانی جوانڕۆی سەر بە پارێزگاکەش بۆردوومان کران و دواتر پەیوەندییە گشتییەکانی یەکەی ئەنساروڵڵای سوپای پاسداران لە شارەکە، کوژرانی چوار ئەندامی هێزەکانی پشتڕاستکردەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران، ئەو چوار ئەندامەی لە ناوچەکانی "مەرەخێڵ و بۆزین" کوژراون.
هاوکات بنکەیەکی سەربازی لە ناوچەی چەمچەماڵ لە نزیک شاری بێستوونی کرماشانیش بە درۆن هێرشی کراوەتە سەر و دەگوترێت ژمارەیەک کوژراو و بریندار هەن.
ئیلام
کاژێر 06:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ، چەندین جار بنکەی پۆلیسی شاری ئیوانی سەر بە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانیش کرایە ئامانج.
بەگوێرەی زانیارییەکان، هەر لە شارەکە بە چەندین مووشەک هێرشکراوەتە سەر بنکەیەکی پۆلیس کە 23 برینداری لێکەوتووەتەوە.
دوای هێرشەکە، بۆ چەندین کاژێر کارەبای ناوچەکانی دەوروبەری ئەو بنکەیەی پۆلیس بڕاوە و تیمە فریاگوزارییەکان سەرجەم بریندارانیان گواستوونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئیمام رەزای ئیوان.
هەروەها ئێوارەی پێنجشەممە بنکەیەکی سوپای پاسداران لە شاری سەراوڵەی ئیلامیش کرایە ئامانج.
لوڕستان
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئێوارەی ئەمڕۆ لە ناوچەی نوورئاوای دلفانی پارێزگای لوڕستانیش، دوو جار هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی پۆلیس.
هاوکات لە خوڕەمئاوای ناوەندی پارێزگاکە، بنکەیەکی سوپای پاسداران و فەرماندەیی پۆلیس بە مووشەک کراونەتە ئامانج.
بۆردوومانکردنی بنکە سەربازییەکانی ئێران لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەکاتێکدان کە لە تاران و چەندین پارێزگای دیکەی وڵاتەکەش هێرشەکان بەردەوام بوون.
هەر ئەمشەو سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتووانی ناوچەی پیشەسازیی ''عەباسئاباد''ـی سەر بە شاری پاکدەشتی تاران کرد کرد بۆ پاراستنی گیانی خۆیان، بە زووترین کات چۆڵی بکەن.
هاوکات لە روباتکەریمی سەر بە پارێزگاکە هێرشکرایە سەر بنکەیەکی سەربازیی سوپای پاسداران و باڵەخانەی قایمقامییەتی شارەکە. بەگوتەی رەزا ئاغا عەلیخانی، قایمقامی روباتکەریم، لە ئەنجامی هێرشەکەدا سێ کەس کوژران و 56 کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەروەها لە 24 کاژێری رابردوودا چەندین ناوچە لە پارێزگاکانی ئەسفەهان، شیراز، قوم، خوزستان، هەمەدان، بووشێهر بۆردوومان کراون و لە چەندین پارێزگای دیکەی ئێران دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.
جەنگی ئیسرائیل-ئەمریکا و ئێران لە رۆژی شەممە 28ی شوباتی 2026ـەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
بەگوتەی حوسێن کرمانپوور، سەرۆکی ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، تاوەکو کاژێر 17:00ـی رۆژی پێنجشەممە، شەش هەزار و 186 کەس بەهۆی هێرشەکانەوە بریندار بوون و 926 کەسیش کوژراون.