بورجەکانی پەیوەندی لە چیای زمناکۆ بۆردوومان کران
رووداو دیجیتاڵ
بە چەند درۆنێک چیای زمناکۆ لە سنووری ناحیەی مەیدان لە سنووری پارێزگای سلێمانی کرایە ئامانج. بەرپرسێک دەڵێت، درۆنەکان لە ئاسن و کەرەستەکانی بورجەکانی سەر چیاکەیان داوە.
ئامانج محەممەد کەساس، قایمقامی قەزای دەربەندیخان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەو چیایە بورجی پەیوەندی کۆمپانیاکانی ئاسیاسێڵ و کۆڕەک تیلکۆم هەن، هێرشەکە دژی ئەو بورجانە بووە و زیانی پێگەیاندوون".
ئەمڕۆ شەش رۆژە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بەردەوامە، لەو جەنگەدا هەرێمی کوردستان بە گشتی و هەولێری پایتەخت بە تایبەتی بە دەیان درۆن و مووشەک کراونەتە ئامانج.
لە هێرشێکی هاوشێوەدا، 03ـی ئەم مانگە درۆنەکان بورجەکانی پەیوەندییان لە چیای کۆڕەک لە سنووری پارێزگای هەولێر کردە ئامانج، بەڵام زیانیان بە تاوەرەکان نەگەیاند.