حکومەتی خۆجێیی کەرکووک لەسەر ئەوە پەکی کەوتووە 'کێ یەکەم جار دەبێتە پارێزگار'
رووداو دیجیتاڵ
گفتوگۆى لایەنەکانى کەرکووک بۆ پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی لە پێشنیازى دوو ساڵ بەدوو ساڵ پەکى کەوتووە، کە یەکەم جار کام پێکهاتە کورد یان عەرەب، ئەو پۆستە وەربگرێت. ئەندامێکى تورکمانى ئەنجوومەنى پارێزگا دەڵێت، لە دواى جەژنى رەمەزانەوە سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ لایەنەکان کۆدەبێتەوە بۆ چارەسەرکردنى ناکۆکییەکان.
لە 5ـی شوباتەوە ئەو وادە یاساییە تەواو بووە کە بۆ یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک دانرابوو بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجوومەن و دواتریش پارێزگار. ناکۆکیى نێوان پێکهاتەکانى کەرکووک لەسەر دابەشکردنى پۆستەکان، پرسى حکومەتى خۆجێیی بە هەڵپەسێردراوى هێشتووەتەوە.
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى کە تۆڕى میدیایی رووداو لە دوو سەرچاوەى بەرپرسی جیاوازى نێو لایەنەکانى کەرکووکەوە دەستى کەوتوون، دوایین پێشنیاز بۆ پێکھێنانى حکومەتى خۆجێیی کە لایەنەکانى لە یەکدی نزیککردووەتەوە ئەوەیە، پۆستى پارێزگار خولى بێت، کە دوو ساڵ بۆ عەرەب و دوو ساڵ بۆ کورد، تورکمانیش یاریدەدەرى پارێزگار و جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى بەربکەوێت.
رەعد ساڵح، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە هاوپەیمانیی قیادەى سوننە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "پێشنیازى دوو ساڵ بە دوو ساڵى پۆستى پارێزگار لەوەدا پەکى کەوتووە کە لە دوو پێکھاتەى کورد و عەرەب کامیان دوو ساڵى یەکەم پارێزگار بن."
رۆژی 18ـی کانوونى یەکەمى 2023، بۆ یەکەم جار لەدواى 18 ساڵ، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک کرا، کورد حەوت کورسی و عەرەب شەش کورسی و تورکمان دوو کورسی بەدەستهێناوە، کریستیانەکانیش یەک کورسیى کۆتایان هەیە.
ئەنجوومەنى پارێزگا لە 16 کورسى پێکدێت، کۆبوونەوەى ئەنجوومەنەکە و هەڵبژاردنى پارێزگار پێویستى بە نۆ ئەندامە کە هیچکام لەو پێکھاتانە بەتەنیا نەیانتوانیوە بەدەستى بهێنن.
رەعد ساڵح دەڵێت، "ناکرێت حکومەتى خۆجێیی کەرکووک بەبێ بەشداریی پێکھاتەیەک پێکبهێندرێت و ئەوە ئەنجامى باشی نابێت."
لە 16ـی ئادارى رابردووەوە ئەو دەرفەتە دوو هەفتەییە کۆتاییهات کە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ لایەنە براوەکانی کەرکووکى دیاری کردبوو بۆ رێککەوتن، بەڵام وادەکە تێپەڕى و پێکھاتەکان رێکنەکەوتن.
ئەحمەد کۆبەرلو، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە فراکسیۆنى بەرەى تورکمانى یەکگرتوو بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بەرەوپێشچوونێک نییە بۆ رێککەوتن، بڕیارە لەدواى جەژنى رەمەزان نوێنەرى پێکھاتەکان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران لەسەر ئەو پرسە کۆببنەوە."
لە دوایین کۆبوونەوەى نوێنەرى پێکھاتەکانى کەرکووک لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانى، پێشنیازى ئەوەکراوە کە بەشێوەیەکى کاتى و تاوەکو رێککەوتن، پۆستى پارێزگار بدرێتە یەکێک لە وەزیرەکانى حکومەتەکەى، کە خەڵکى کەرکووکە.
هەریەک لە محەممەد تەمیم، وەزیرى پلاندانان و خالید شوانى، وەزیرى داد لە حکومەتى عێراق خەڵکی کەرکووکن.