زبڵ و خاشاک لێواری زێی گەورە دادەپۆشێت


رووداو - رادیۆ

فڕێدانی بڕێکی زۆر لە زبڵ و خاشاک و پاشماوەی ئاژەڵ لە سنووری قەزای بەردەڕەش، مەترسیی ژینگەیی لەسەر زێی گەورە دروستکردووە. سەرۆکی شارەوانیی رووڤیا دەڵێت، رۆژانە تەنیا لە سنووری ئەواندا 20 تۆن زبڵ کۆدەکرێتەوە، بەڵام ئامێرەکانیان بەشی هەموو ناوچەکە ناکات.

دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی فڕێدانی زبڵ و خاشاک لە لێواری رووباری زێی گەورە، تیمەکانی شارەوانی دەستیان بە پاککردنەوەی ناوچەکە کردووە. 
 
ئەندازیار زەید سەلیم، سەرۆکی شارەوانیی روڤیا، بە رادیۆی رووداوی گوت: "ئێستا بە شۆفڵ و گەڵابە خەریکی پاککردنەوەی ئەو زبڵ و خاشاکەن کە لە گوندی چەمە فڕێدراوەتە نێو زێی گەورەوە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە خەڵک پابەند نین و هەموو جۆرە زبڵێک لێرە فڕێدەدەن، تەنانەت ئاژەڵی مردارەوەبوو و مریشکیش."
 
ئەو شوێنەی زبڵەکەی تێدا کۆبووەتەوە، دەکەوێتە نزیک بازگەی گوندی چەمە، کە گوندێکی گەورەیە و نزیکەی 800 ماڵی لێیە. سەرۆکی شارەوانیی رۆڤیا ئاماژەی بەوە کرد، "چەندین جار داوایان لە مەلا و موختاری گوندەکە کردووە خەڵک ئاگادار بکەنەوە زبڵ و خاشاکەکە لە شوێنێکی دیاریکراو کۆبکرێتەوە، تاوەکو تیمەکانیان بتوانن بە ئاسانی بیبەن، بەڵام بەشێک لە هاونیشتمانییان هەر یەکە و بە کەیفی خۆی زبڵ فڕێ دەدات."
 
ناحیەی روڤیا نزیکەی 11 هەزار دانیشتووی هەیە و 40 گوندیشی لەسەرە. زەید سەلیم دەڵێت: "ئەو سێ ئامێری کۆکردنەوەی زبڵەی هەمانە بەتەنیا بەشی ناحیەکە ناکات. لە گرێبەستی نوێی کۆمپانیا کە پێنج بۆ 6 ساڵە، داوای 7 ئۆتۆمبێلی کۆکردنەوەی زبڵ و زیادکردنی ژمارەی کرێکارمان کردووە؛ ئەگەر ئەوە پەسند بکرێت، کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە زۆر باشتر دەبێت."

 

 
 
بەپێی زانیارییەکانی شارەوانیی روڤیا، رۆژانە تەنیا لە سنووری ئەو ناحیەیە نزیکەی 20 تۆن زبڵ کۆدەکرێتەوە و هەموو زبڵە کۆکراوەکان رەوانەی کارگەی ریسایکلین لە گردەسێن دەکرێن.
 
سەرۆکی شارەوانیی روڤیا جەختی کردەوە، تیمەکانیان تاوەکو درەنگانی ئێوارە کار دەکەن، بەڵام داوای لە هاونیشتمانییان کرد هاوکار بن و پاشماوەکانیان فڕێنەدەنە سەر لێواری زێی گەورە.