لە کەرکووک منداڵێکی تازە لەدایکبوو لەنێو جۆگەیەکدا دۆزرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکێکی کەرکووک، خوێندکارێک کاژێر دووی شەو بە دەنگی گریانێک دەچێتە دەرەوە و دەبینێت منداڵێکی تازە لەدایکبوو لەنێو جۆگەی ئاودا فڕێدراوە و خوێنی لێدەڕوات. پزیشکەکان دەڵێن کەمتر لە کاژێرێک بووە لەدایکبووە، لەکاتێکدا دەیان خێزانی بێمنداڵ لەبەردەم نەخۆشخانە ریزیان گرتووە بۆ ئەوەی ئەو کۆرپەیە لەخۆ بگرن.
لە گەڕەکی عەسکەریی کەرکووک، منداڵێکی تازە لەدایکبوو فڕێدرا، بەڵام لەلایەن خەڵکەوە دۆزرایەوە و رادەستی پۆلیسی فریاکەوتن کرا.
یوسف زێد خدر، یەکێکە لەو کەسانەی منداڵەکەی دۆزیوەتەوە و دەڵێت: "خەریکی خوێندن بووم کە گوێم لە دەنگێک بوو، وامزانی پشیلەیە، کە هاتینە دەرەوە تەماشامان کرد منداڵێک لەنێو جۆگەیەکدا کەوتووە و خوێنی لێدەڕوات، دەستبەجێ پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانمان ئاگادار کردەوە."
پۆلیس کۆرپەکەی گواستەوە بۆ نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکووک. رەگەزی منداڵەکە کچە و بەپێی گوتەی پزیشکان، کەمتر لە کاژێرێک پێش فڕێدانی لەدایکبووە.
دکتۆر موعتەسەم عەزیز، بەرپرسی بەشی نەبەکامەکان لە نەخۆشخانەی منداڵان بە رووداوی راگەیاند: "کاتێک هێنایان، تەمەنی کەمتر لە کاژێرێک بوو، چونکە هێشتا چەوری بە جەستەیەوە مابوو و ناوکی نەبڕابوو."
ئەو پزیشکە باسی رێکارە چارەسەرییەکان دەکات و دەڵێت: "کارمەندان پاکیان کردەوە، کانۆلایان بۆی دانا و موغەزییان پێدا چونکە شەکرەی دابەزیبوو و شیری نەخواردبوو، هەروەها ناوکیشیان بڕی. سوپاس بۆ خودا ئێستا تەندروستیی زۆر باش و جێگیرە."
دوای بیستنی هەواڵی دۆزینەوەی ئەم کۆرپەیە، دەیان کەس گەیشتنە نەخۆشخانەکە بۆ ئەوەی داوای لەخۆگرتنی (تەبەنی) بکەن.
یەکێک لەو هاونیشتمانییانەی ئامادەیە منداڵەکە هەڵبگرێتەوە، بە رووداوی گوت: "چوار ساڵ لەمەوبەر ناوی خۆم تۆمار کردووە، پێشتریش منداڵێکی دیکە لێرە بوو ویستم بیبەم، بەڵام کێشەی هەبوو و گوتیان دایکی هەیە؛ تاوەکو ئێستا نۆرەم نەهاتووە."
پار لە کەرکووک پێنج منداڵی کۆرپە بەم شێوەیە فڕێدران و دواتر لە رێگەی دادگەوە درانە ئەو خێزانانەی پێشوەختە ناویان بۆ لەخۆگرتن تۆمار کردبوو. ئەمساڵیش ئەمە یەکەم حاڵەتی فڕێدانی منداڵە و، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا ئەگەر کەسوکاری دەرنەکەون، لەلایەن دادگەوە چارەنووسی لەخۆگرتنی یەکلایی بکرێتەوە.