سلێمانی.. تەرمی پیاوێک لەنێو پاسێکدا دۆزرایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ناوچەی شارباژێری سەر بە پارێزگای سلێمانی، تەرمی پیاوێکی تەمەن 40 ساڵ لەنێو پاسێکدا دۆزرایەوە کە شوێنەواری خنکانی پێوەیە، پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
 
رۆژی یەکشەممە، 05ـی نیسانی 2026، رائید ئاری لەتیف، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ناوچەی شارباژێری سەر بە پارێزگای سلێمانی، تەرمی پیاوێک لەنێو پاسێکدا دۆزرایەوە. رووداوەکە لەنێوان گوندی بناویلە و شارستێن لە نزیک ناحیەی سیتەک روویداوە."
 
لەبارەی ناسنامەی ئەو کەسە، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی گوتی: "ئەو پیاوە تەمەنی نزیکەی 40 ساڵە و دانیشتووی ناحیەی عەربەتە. پاسەکە هێڵی سەرچنارە، بەڵام هێشتا نازانرێت پاسەکە هی خۆیەتی یان نا."
 
لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانەکەشی، رائید ئاری لەتیف ئاماژەی بەوە کرد: "لەسەر جەستەی شوێنەواری خنکان هەیە، بەڵام جارێ نازانرێت خۆی خنکاندووە یان خنکێنراوە".
 
 پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و تەرمەکەشی رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە.