وەزارەتی تەندروستی: کارئاسانیی تەواو بۆ هاوردەکردنی خۆراک دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی و ژمارەیەک لە بازرگانانی خۆراک کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کارئاسانیی تەواو بۆ هاوردەکردنی خۆراک و خواردنەوەکان بکرێت، ئەوەش بە مەبەستی رێگریکردن لە گرانبوون و قۆرخکاری بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە.
رۆژی یەکشەممە، 05-04-2026، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی بە یاوەریی راوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتی و نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، لەگەڵ لە هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر و شاندێکی یاوەری کە لە ژمارەیەک بازرگان و بەڕێوەبەری کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی خۆراک پێکهاتبوون کۆبوونەوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی تەندروستی لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی رەوشی بازرگانی لە بواری خۆراک و خواردنەوەکاندا کرا و تیشک خرایە سەر ئەو ئاستەنگانەی بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکەوە هاتوونەتە پێش.
لە کۆبوونەوەکدا بڕیاردرا کارئاسانیی تەواو بۆ ئەو بازرگان و کۆمپانیایانە بکرێت کە لە بواری هاوردەکردنی خۆراکدا کاردەکەن، تاوەکو پرۆسەی دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ هاونیشتمانیان بەبێ گرفت بەردەوام بێت.
02ـی نیسانی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە رێگەی رووداوەوە دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە بەهۆی جەنگەوە هیچ کێشەیەکی کەمیی خۆراک دروست نابێت و خۆراکی پێویست بۆ شەش مانگ لە کۆگاکاندا هەیە.