کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان: کاری خواردنگەکانی هەولێر 35٪ بەهۆی جەنگەوە کەمی کردووە

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی كۆمەڵەی میوانخانە ‌و چێشتخانەكانی كوردستان لە سلێمانی ‌و ‏هەولێر رەتی دەكەنەوە هیچ خواردنگەیەك لە ئەنجامی کەمبوونەوەی گازی ‏شل داخرابێت یان خواردنەكەی گران كردبێت، بەڵام دەڵێن: لە هەولێر بازاڕی خواردنگەکان کز بوون. 
 
مەحموود تۆفیق، سەرۆكی لقی سلێمانی كۆمەڵەی میوانخانە ‌و ‏چێشتخانەكانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هیچ ‏چێشتخانە ‌و شوێنێکی گەشتیاری بەهۆی گرانبوونی گازی شل ‏دانەخراوە‌ و نرخیش هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە.
 
مەحموود تۆفیق ‏گوتیشی: "سەرقاڵی ئەوەین چوار بریکاری دابەشكردنی گاز ‏تەنیا گاز بۆ چێشتخانەكان دابین بکەن و لە چەند رۆژی داهاتووشدا ئەوە ‏یەكلایی دەكەینەوە، چونكە ناكرێت چێشتخانەیەك زیاتر لە 25 هەزار ‏دینار بداتە بوتڵێك لەكاتێكدا نرخیش گران نەكات".‏
 
بەهۆی جەنگی ئێرانەوە، بەرهەمهێنانی گاز لە هەرێمی کوردستان کەمیکردووە و بەهۆیەوە نرخی بووتڵێک تاوەکو 35 هەزار دینار چووە. رۆژانە لە ناوچەکان خەڵکێکی زۆر نۆرە دەگرن بۆ وەرگرتنی گازی شل. 
 
لەسەر هەمان پرس شوكر عەزیز، جێگری سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی ‏میوانخانە‌ و چێشتخانەكانی كوردستان بە رووداوی گوت، لە هەولێریش نرخ بەرزنەبووەتەوە ‌و هیچ ‏چێشتخانەیەكیش بەو هۆیەوە دانەخراوە.
 
شوکر عەزیز دەڵێت، ئێستا ‏بەشێوەیەكی گشتی ‌و بەتایبەت ئەو خواردنگایانەی مۆڵەتی ‏گەشتیارییان هەیە، کاریان 35% كەمی كردووە. راستە بەشێک لە پێداویستییەکان گران بوون، بەڵام نرخیشیان گران نەكردووە.‏
 
بەهۆی ئەو دۆخەی هەیە، ئەم ساڵ لەگەڵ ئەوەی کەشوهەوا خۆشە، بەڵام هاتنی گەشتیاران لە چاو ساڵانی رابردوو لەم وەرزەدا کەمیکردووە. 
 
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی مانگی شوبات دەستی پێکرد کە کاریگەری لەسەر ناوچەکە و جیهان هەبووە. یەکێک لە کاریگەرییەکانی ئەوەیە کە ‏نرخی بوتڵێك گازی ماڵان لە نزیکەی 8 هەزار‌ و 500 دینارەوە بۆ سەروو 25هەزار ‏دینار بەرزبووەتەوە.‏