گەنجێک بۆ کڕینی جلی جەژن دەچێتە سلێمانی و لە رێگەدا دەکوژرێت


رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، گەنجێکى ناحیەى بەرزنجەى سەر بە قەزاى سەیدسادقى سنوورى پارێزگاى سلێمانى، بەدەستڕێژى گوللە دەکوژرێت، تاوەکو ئێستاش هۆکار و ناسنامەى بکوژەکە دیار نییە.
 
ئەو گەنجەی کە بە دەستڕێژی گولـلە گیانی لەدەستداوە ناوی ئەمیر تەهایە. رێبین عومەر، بەڕێوەبەرى ناحیەى بەرزنجە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو گەنجە لەگەڵ برایەکى و هاوڕێیەکى دیکەى چوون بۆ سلێمانى بۆ کڕینى جلوبەرگى جەژن، دواى گەڕانەوەیان لە نزیک گوندى دەرەتەتى نزیک لە بەرزنجە، لەناو ئۆتۆمبێلێکەوە تەقەیان لێدەکرێت و یەکێک لە گەنجەکان کە تەمەنی 20 ساڵە دەکوژرێت، برا و هاوڕێکەشى بریندار دەبن."
 
لەبارەى ناسنامەى تەقەکەرەکان، رێبین عومەر دەڵێت، "تاوەکو ئێستا نازانین تەقەکەر کێیە، بەڵام دەستمان بە لێکۆڵینەوە کردووە و بنەماڵەى کوژراوەکە خێزانێکى بێ کێشەبوون."
 
بەپێى ئامارەکانى وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان، رێژەى کوشتن و خۆکوشتن لە 4 مانگى ئەمساڵ بەراورد بە هەموو 2020، زیادى کردووە، بە جۆرێک کە خۆکووشتن 25% و کووشتنیش 225% زیاتر بوون هۆکارى زۆرینەشیان، کێشەى کۆمەڵایەتییە.