پێشنیازێکی تایبەت بە بیمەکردنی ئۆتۆمبێل ئامادە دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی دڵنیایی لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "پێشنیازێک"یان تایبەت بە بیمەی ئۆتۆمبێل ئامادە کردووە و لە ئەگەری بوونی بە یاسا، کار لەسەر جێبەجێکردنی دەکەن.
جەمیل ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری گشتی دڵنیایی لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی ئابووریی کاژێر 9:00ی بەیانی کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، پێشنیازێکی تایبەت بە بیمەی ئۆتۆمبێلیان هەیە و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش رەزامەندی دەربڕیوە کە "کۆمپانیایەکی نیشتمانی دابمەزرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت بیمەی ناچاریی ئۆتۆمبێل بکرێت".
جەمیل ئەبوبەکر ئاماژەی بەوە کرد، ساڵێک زیاترە نووسراوەکە لە وەزارەتی ناوخۆ "وەستاوە و نازانم هۆکارەکەی چییە"، بەڵام ئەگەر بکرێتە یاسا، ئەو کاتە بیمە بۆ ئۆتۆمبێل ناچاری دەبێت و ئەوەش "100٪ لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان دەبێت".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە بڕی پارەکە چەند دەبێت؟ بەڕێوەبەری گشتی دڵنیایی لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە گوێرەی جۆری ئۆتۆمبێلەکە و مۆدێلەکەی ئەو پارەیە دیاری دەکرێت کە دەبێت وەک بیمە بدرێت، "بەڵام بڕەکە هێندە نابێت کە هاووڵاتی نەتوانێت بیدات. هاووڵاتی دەتوانێت ئەو پارەیە بدات و کارەکەش سوودیشی بۆی دەبێت".
زیاتر لە دوو ملیۆن و 100 هەزار ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام کەمتر 1٪یان بیمەیان بۆ کراوە.