لە هەڵبژاردنی شارەوانیی بەریتانیا پارتی فەرمانڕەوا بۆ پلەی سێیەم دابەزی
رووداو دیجیاڵ
لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانیی بەریتانیا، پارتی پارێزگارانی فەرمانڕەوا تووشی شکستێکی گەورە هات. هەردوو پارتی ئۆپۆزیسیۆن، کرێکاران و لیبراڵ، پلەی یەکەم و دووەمیان بەدەستهێنا و پارتی پارێزگارانیش بۆ پلەی سێیەم دابەزی.
ریچارد پارکەر، سەرۆکی شارەوانیی هەڵبژێردراو لە پارتی کرێکاران دەڵێت، "ئەمە واتایەکی گەورەی بۆ ناوچەکەمان و پارتی کرێکاران هەیە، خەڵکی لە رێگەی پارتەکەمانەوە داوای گۆڕانکاری دەکەن، ئەوان داوای گەڕانەوەی دەسەڵاتی ئێمە دەکەن."
لەم هەڵبژاردنەدا نۆ پارت رکابەرییان لەسەر پۆستی دوو هەزار و 600 ئەندام لە 107 ئەنجوومەنی شارەوانی و 11 سەرۆکی شارەوانی و 25 ئەندامی کۆمەڵەی لەندەن کە چاودێری شارەوانی شارەکە دەکرد، هەروەها هەڵبژاردنی 37 پۆلیس و کۆمیسیاری تاوانەکان لە ئینگلاند و وەیڵز.
پارتی کرێکاران هەزار و 140 ئەندام شارەوانی بەدەستهێناوە، 185 ئەندام زیاتر لە هەڵبژاردنی پار، هەروەها براوەی 50 سەرۆکی شارەوانییە، هەشت سەرۆک زیاتر لە هەڵبژاردنی پێشوو.
پارتی لیبراڵ، 521 ئەندام شارەوانی بەدەستهێناوە، 104 ئەندام زیاتر لە پار، هەروەها 12 سەرۆکی شارەوانی بەدەستەوەیە، دوو سەرۆک زیاتر لە هەڵبژاردنی پێشوو.
پارتی پارێزگارانی فەرمانڕەوا کە 986 ئەندام شارەوانی بە دەستەوە بوو، 473یانی لە دەستدان و ئێستا 513 ئەندامی هەیە، هەروەها لە 2023 براوەی 16 سەرۆکی شارەوانی بوو، لەم هەڵبژاردنە 10یانی لە دەستدا و ئێستا شەشی بە دەستەوە ماون.
لە هەڵبژاردنەکاندا رکابەری لەسەر 11 پۆستی قایمقامیش کرا، کرێکاران براوەی 9یانن کە گرنگترینیان قایمقامی لەندەنە کە بۆ سێیەمجار سادق خان براوەی بوو.
سادق خان دەڵێت، "لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا، لەندەن دژ بە حکومەتی پارێزگاران شەڕی کردووە و بەم ئەنجامەی کە پارتی کرێکاران لەم هەڵبژاردنەدا بەدەستی هێناوە، کاتی هاتووە ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کار بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی گشتی بکات کە لە بەرژەوەندیی هەموو بەریتانیایە."
بڕیارە هەڵبژاردنی گشتی لە بەریتانیا پێش مانگی کانوونی دووەمی 2025 بکرێت و ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان پێنوێنێکی مەترسیدارە بۆ پارتی پارێزگاران کە لە 2009وە فەرمانڕەوایەتیی بەریتانیا دەکات.