رێکارێکی بەغدا کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستانی ناچارکردووە لە سنووری مادەی 140 کۆگە دروست بکەن

رووداو دیجیتاڵ

25%ى کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستان لە بەغدا ناویان تۆمارکردووە بۆ ئەوەى بتوانن بەرهەمەکانیان هەناردەى ناوەڕاست و باشوور بکەن، لە کاتێکدا مەرجى مانەوەى 72 کاژێرى کاڵاى هاوردەکراو لە دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستانەوە کارایە و هەولێر پێشنیازى کردووە بکرێتە دوو مانگ.
 
لە ناوەراستى مانگى نیسانى 2025، ئەو دەرفەت رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر راگرتنى رێکارە گومرگییەکانى نێوان هەردوولایان کۆتاییهات. ناکۆکى نێوانیان لەبارەى مەرجى مانەوەى 72 کاژێرى کاڵا هاودەکراو و مۆڕى بارەکان و هەناردەى بەرهەمى نێوخۆییە بۆ شارەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق. 
 
72 کاژێر بکرێتە دوو مانگ
 
حامى ساڵح، خاوەنى کۆمپانیاى ئارک ستار بۆ گواستنەوەى نێودەوڵەتى، ناچار بووە کۆگایەک لە کەرکووک دروست بکات بۆ ئەوەى ئەو کاڵایانەى بۆ بگوێزێتەوە کە لە رێگەى هەرێمى کوردستانەوە هاوردەى دەکات.
 
بە گوێرەى ئەو رێکارانەى حکومەتى فیدراڵى دایناوە، رێگە نادرێت هیچ کاڵایەکى هاودەکراو لە رێگەى هەرێمى کوردستانەوە زیاتر 72 کاژێر بمێنێتەوە و پێویستە لەو ماوەیەدا ئەو بڕەى ببرێتە ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق کە بۆ هەناردەکرنى ئەو ناوچانە تەرخان کراوە.
 
حامى ساڵح گوتى: "جارى وا هەیە ئەو مۆڵەتى 72 کاژێرە لە سەرەى دەرباز بوون بە بازگەى نەینەوا تەواو دەبێت و فریا ناکەون، بەهۆى ئەو رێکارانە هاوردەکردنمان لە دەرەوە 20% و هەناردەى بەرهەمى نێوخۆییمان بۆ ناوەڕاست و باشوور 40% کەمبووە."
 
ئەو رێکارانەى حکومەتى فیدراڵى لە ساڵى 2024 دەستیپێکردووە، بەغدا و هەولێر چەند جارێک بۆ چارەسەرى ئەو کێشەیە کۆبوونەتەوە بەبێ ئەوەى بگەنە ئەنجام.
 
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو ماوەیە ئێستا کارایە و ئەوەش وا لە کۆمپانیاکان دەکات کۆگاکانیان ببەنە کەرکووک و کفرى و نەینەوا بۆ ئەوەى راستەوخۆ بارەکانیان ببەنە ئەو شوێنانە و دواتر لەوێوە پشکى هەرێمى کوردستان لێ بگێڕنەوە.
 
بە گوێرەى ئەو زانیارییانەى دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتوون، هەرێمى کوردستان پێشنیازێکى نوێى داوەتە حکومەتى فیدراڵى بۆ  چارەسەرکردنى ئەو 72 کاژێرە، بەوەى بکرێتە دوو مانگ، تاوەکو پەلە نەکرێت لە گواستەوەى کاڵا هاوردەکراوەکان و لە کۆگەکانى هەرێمى کوردستان دابگیرێت و دواتر بگوێزرێنەوە بۆ ناوچەکانى دیکە.
 
ئەو پێشنیازە بەشێوەیەکە لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا هەر بازرگانێک کاڵاى هاودەکراو بباتە ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق، سەرجەم زانیارییەکانى بە مەنەفێست و کیوئاڕکۆدى سروشتى کاڵاکەى لەگەڵ دابێت بۆ ئەوەى لە بازگەکانى سەر بە ئیدارەى حکومەتى فیدراڵى تێپەڕێت.
 
کیوئاڕ کۆدى کاڵاى هاردەکراو ئەو زانیارییانەى تێدایە کە لە وەزارەتى دارایی فیدراڵ و بانکى ناوەندى تۆمار کراون کە بارەکە بڕەکەى چەندە و جۆرەکەى چییە و لە چ وڵاتێکەوە هاوردە کراوە.
 
خاوەنى کۆمپانیاى ئارک ستار بۆ گواستنەوەى نێودەوڵەتى دەڵێت، "بازگەکانى حکومەتى فیدراڵى باڕکۆدى بارە هاوردەکراوەکان بۆ ئەوە وەردەگیرێت کە ئەگەر جیاوازى هەبێت لە نێوان بڕى ئەو گومرگەى لە دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان وەرگیراون لەگەڵ ئەو بڕەى لە پێناسى گومرگى عێراق هەیە، جیاوازیی بڕى پارەکە وەردەگرن." 
 
یەکێک لە کێشەکانى دیکەى بەردەم بازرگانان، سیێل یان ئەو مۆرەیە کە سیمێکى 50 سانتیمەترییە کە دەدرێت لەو بارانەى لە دەروازە سنورییەکانەوە هاوردە دەکرێن کە نابێت تاوەکو دەگەنە بازگەکانى ناوەڕاست و باشوور بکرێنەوە. 
 
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە حکومەتى هەرێمى کوردستان بە رووداوى گوت: "چارەسەرکردنی ئەو مۆرە بەراورد ئەستەم نییە و ئەگەر هەیە هەردوولا لەسەرى رێکبکەون" .
 
25%ى کۆمپانیاکان لە بەغدا تۆمار کراون
 
بەربەستێکى دیکە لە بەردەم هەناردەى بەرهەمى نێوخۆیی هەرێمى کوردستان بۆ ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق، مەرجى مۆڵەتى کارگە و کۆمپانیاکانە کە دەبێت لە بەڕێوەبەرایەتى تۆمارى کۆمپانیاکانى سەر بە وەزارەتى بازرگانیى فیدراڵ ناویان تۆمار بکەن.
 
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان  گوتى: "تاوەکو ئێستا تەنیا 25%ى کۆمپانیاکان مۆڵەتیان لە بەغدا وەرگرتووە، کە دەتوانن بەرهەمەکیانیان هەناردەى ناوەڕاست و باشوور بکەن، ئەوانى دیکە سەرقاڵى تۆمارکردنن، بەوە دەبێت ساڵانە باج بدەن بە هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ".
 
لە بازگەکانى سەر بە حکومەتى فیدراڵ ئەو بەرهەمە ناخۆییانەى هەرێمى کوردستان کە بەرهەمهێنەرەکەى مۆڵەتى نەبێت، رێگە نادرێت دەرباز بێت.
 
خاوەنى کۆمپانیاى ئارک ستار بۆ گواستنەوەى نێودەوڵەتى دەڵێت: "رێگە نادرێت بەشێک لە بەرهەمە ناوخۆییەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان دەربازى ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوور بکرێن بە ناوى پاراستنى بەرهەمى نێوخۆیی، جگە لەوە مامەڵەى دەرهێنانى مۆڵەت لەبەغدا چەند مانگێکى پێدەچێت."