بەهۆی خۆڵبارینەوە لە کەرکووک، خورماتوو و دیالە 550 کەس رەوانەی نەخۆشخانە کران
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی خۆڵبارینەوە، لە دیالە زیاتر لە 400 کەس و لە پارێزگای کەرکووک و قەزای خوورماتووش زیاتر لە 150 کەس رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.
سامان یابە، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک، ئەمڕۆ دووشەممە 5ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی خۆڵبارینەوە بەگوێرەی دوایین ئامارەکان تائێستا 94 کەس رەوانەی نەخۆشخانەکانی کەرکووک کراون.
هەروەها بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە پارێزگای سەلاحەدین ئەمڕۆ دووشەممە 5 ئایاری 2025، بەهۆی خۆڵبارینەوە نزیکەی 55 کەس رەوانەی نەخۆشخانەی خوورماتوو کراون و چارەسەر وەردەگرن، کە بەشێکی زۆریان بەتەمەن، یاخود کێشەی هەناسەدانیان هەیە. بەهۆی چڕیی خۆڵبارینەکەوە پێشبینی زیادبوونی ژمارەکە دەکرێت.
هەر لەوبارەوە، فارس عەزاوی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە چڕە خۆڵبارینەی کە پارێزگەکەیانی گرتووەتەوە، سەرجەم دامەزراوە تەندروستییەکان خراونەتە ئامادەباشی.
بەگوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی دیالە، تائێستا زیاتر لە 400 کەس بەهۆی هەناسەتووندی و کێشەی هەناسەدانەوە گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکانی دیالە، زۆربەیان بەتەمەنن یاخود کێشەی هەناسەدانیان هەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 5ى ئایارى 2025، عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ شەپۆلێکى خۆڵبارین لە عێراق دەبێت کە زیاتر لە ناوچەکانى نێوەڕاست و رۆژئاواى عێراق چڕ دەبێت و لە باکوور کاریگەرییەکەى کەمتر دەبێت".
عامر جابری رایگەیاند: "خێرایی با لە چەند ناوچەیەک لەنێوان 30 بۆ 50 کیلۆمەتر لەکاژێرێکدا دەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆى دروستبوونى خۆڵبارینەکە و مەوداى بینین بەگشتى لەو ناوچانەى کە خۆڵبارینەکە دەیانگرێتەوە چوار کیلۆمەتر دەبێت".