لە کەرکووک بوومەلەرزە روویدا
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ لە پارێزگای کەرکووک بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.6 پلە بە پێوەری رێختەر روویدا. ئەمە دووەمین بوومەلەرزەیە لە ماوەی هەفتەیەکدا لە سنووری کەرکووک تۆمار دەکرێت.
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 5ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بوومەلەرزەکە کاژێر 6:21 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ بە دووریی 26 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای کەرکووک تۆمار کراوە.
گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق دەڵێت، "گوڕی بوومەلەرزەکە 3.6 پلە و قووڵاییەکەشی 10 کیلۆمەتر بووە، بەڵام زیانی نەبووە."
کاژێر 04:53 خولەکی ئێوارەی سێشەممەی هەفتەی رابردوو 29ی نیسانی 2025 بوومەلەرزەیەک بە دووریی 40 کیلۆمەتر لە باکووری پارێزگای کەرکووک تۆمار کرا، گوڕەکەی 2.8 پلە و قووڵاییەکەشی 10 کیلۆمەتر بووە، بەڵام زیانی نەبوو.
دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، مانگی رابردوو 60 بوومەلەرزەیان تۆمارکرد، کە 16یان لە باشووری کوردستان روویاندا، گوڕی بوومەلەرزەکان لەنێوان 1 تاوەکو 4.1 پلەی رێختەر بوون و زیانی گیانییان نەبوو.
شەش بوومەلەرزەیان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، سێ بوومەلەرزەیان لە پارێزگای دهۆک، دوو بوومەلەرزەیان لە پارێزگای هەولێر، سێ دانەیان لە پارێزگای کەرکووک و دووانەکەی دیکە لە خانەقین لە پارێزگای دیالە بوون.