لە مانگێکدا لە ورمێ 22 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای ورمێ دەڵێت، لە نەورۆزەوە تاوەکو 21ـی نیسان، لانیکەم 22 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 515 کەسیش بریندار بوون.
ئەرسەلان شوکری رایگەیاند، لە 21-03-2025ـوە تاوەکو 21-04-2025، لانیکەم هەزار و 233 رووداوی هاتووچۆ لە سنووری پارێزگاکە روویانداوە.
بەگوتەی ئەرسەلان شوکری، لەو ماوەیەدا 515 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە بریندار بوون کە ژمارەیان بەراورد بە مانگی یەکەمی پار (هەتاوی)، 12٪ کەمیکردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و گواستنەوەی ورمێ ئاماژەی بەوە کرد، هەر لەو ماوەیەدا لانیکەم 22 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە کە بەروارد بە هەمان کاتی پار 37٪ کەمبووەتەوە.
ساڵانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەکی زۆر کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیان لەدەست دەدەن.
بەگوێرەی دوایین راپۆرتی دادپزیشکیی ئێران، لە نەورۆزی 2024ـەوە تاوەکو کۆتایی ساڵەکە، واتە لە 9 مانگدا 14 هەزار و 945 کەس لەو وڵاتە بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.