بەڕێوەبەری کارەبای دهۆک: کێشەی پێوەری زیاتر لە 3 هەزار ماڵمان چارەسەر کردووە


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک بەوەکالەت دەڵێ، لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە توانیویانە کێشەی تەکنیکی و تێکەڵبوونی پێوەری کارەبای زیاتر لە سێ هەزار و 100 ماڵ چارەسەر بکەن.
 
رۆژی سێشەممە، 05ـی ئایاری 2026، ئەندازیار حازم محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک بەوەکالەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زۆر کێشە لە کارەبای هاووڵاتییانی دهۆک هەبوون. تاوەکو ئێستا توانیمانە بەشێکی زۆریان چارەسەر بکەین. لەو چوارچێوەیەشدا کێشەی کارەبای سێ هەزار و 100 ماڵ بە تەواوی چارەسەرکراوە."
 
لەبارەی ئەو کێشانەی پەیوەندییان بە پێوەرەکان و خوێندنەوەی بڕی پارەی مانگانەوە هەبووە، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک باسی لەوەکرد، 87 تێکەڵبوونی پێوەر لەنێوان دراوسێکاندا هەبوو، بە جۆرێک پارەی کارەبای یەکدییان بۆ دەگەڕایەوە. گوتیشی: "نزیکەی 50 دۆخی دیکەی تێکەڵبوونی پێوەرەکانمان هەبوو کە ئاڵۆزتر بوون، چونکە پێوەری سێ بۆ چوار ماڵ تێکەڵ ببوون، بەڵام هەموویان چارەسەر کرا."
 
بەشێکی دیکەی کێشەکان پەیوەندی بەو ماڵانەوە هەبووە کە کارەبای 24 کاژێرییان هەبووە، بەڵام پسووڵەی پارەیان بۆ نەدەچوو. حازم محەممەد گوتی: "3000 ماڵ هەبوون کە لە سەرەتای پڕۆژەکەوە کارەبای 24 کاژێرییان هەبوو، بەڵام پارەیان بۆ نەدەهاتەوە، بەڵام چارەسەرکرا و ئەم مانگە پسووڵەیان بۆ گەڕاوەتەوە."
 
رۆژی 04-04-2026 کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە دهۆک، دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری پێشووی کارەبای دهۆک و راسپاردنی ئەندازیار حازم محەممەدی لە شوێنەکەی راگەیاند. 
 
پڕۆژەی رووناکی لە تشرینی دووەمی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا. ئامانجی پڕۆژەکە دابینکردنی کارەبای 24 کاژێرییە بۆ تەواوی ماڵان و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کارەبا، تاوەکو ئێستا کارەبای 24 کاژێری گەیێندراوەتە نزیکەی 5 ملیۆن و 500 هەزار هاونیشتمانی کە دەکاتە زیاتر لە 85%ـی کۆی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.