پارتی دەگەڕێتەوە بەغدا؛ نێچیرڤان بارزانی لاپەڕەیەکی نوێی لە پەیوەندییەکان هەڵدایەوە


رووداو دیجیتاڵ

دوای جووڵە دیپلۆماسییەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، پارتی بڕیاری دا تیمی فراکسیۆنەکەی بنێرێتەوە بەغدا. 
 
پارتی کە بەهۆی نیگەرانی لە بڕیارە سیاسییەکانی هەندێک لایەنی عێراقی گەڕابووەوە هەولێر، ئێستا دەیەوێت وەک یاریزانێکی کاریگەر لە پایتەختی عێراق ئامادەیی هەبێت.
 
ئەم بڕیارەی پارتی دوای هەفتەیەک لە راسپاردنی عەلی زەیدی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق دێت. پارتی وەک گەورەترین فراکسیۆنی کوردی و خاوەنی زۆرترین دەنگی حیزب لەسەر ئاستی عێراق، دووبارە دەچێتەوە نێو گۆڕەپانی سیاسیی بەغدا.
 
لایەنە کوردییەکانی دیکەش گەڕانەوەی پارتی بۆ بەغدا بە هەنگاوێکی گرنگ دەبینن. هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "گەڕانەوەی پارتی لەم کاتەدا گرنگە، تاوەکو هێزە کوردییەکان بتوانن پێکەوە لەنێو کارنامەی حکومەتەکەی عەلی زەیدیدا، داواکاری و مافە دەستووری و یاساییەکانی گەلی کورد بچەسپێنن."
 
تەنیا لایەنە بەشدارەکانی دەسەڵات نییە، بەڵکو ئۆپۆزیسیۆنیش پشتگیریی یەکدەنگیی کورد لە بەغدا دەکات. 
 
شوان رابەر، گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەو بارەیەوە بە رووداوی گوت: "هەرچەندە هەندێک لە هێزە سیاسییەکان لە کوردستان ئۆپۆزیسیۆنن و هەندێکیان لە دەسەڵاتن، بەڵام پێویستە لە پەرلەمانی عێراق لەسەر پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان یەکدەنگ و یەکڕیز بن و بە کارایی حزووریان هەبێت."
 
پارتی دیموکراتی کوردستان لە خولی ئێستای پەرلەمانی عێراقدا، جگه لە پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، لە 22 لیژنەی پەرلەمانیدا ئەندامی دەبێت و سەرۆکایەتیی دوو لیژنەشی بەردەکەوێت. هەروەها لە کابینە نوێیەکەدا، دوو وەزارەت و چەند پۆستێکی باڵای دیکەی پێدەدرێت.
 
کۆتاییهاتنی مانۆڕە سیاسییەکەی نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا، وەک سەرەتای هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ لایەنە شیعە و سوننەکان دەبینرێت. 
 
دوای توانەوەی بەستەڵەکی نێوان هەولێر و بەغدا، ئێستا چاوەکان لەسەر عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراون کە تاوەکو چەند دەتوانێت لە کارنامەکەیدا کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ چارەسەر بکات.