هاتووچۆی هەولێر: هاتووچۆی بارهەڵگر و مۆتۆڕسکیل لە ناوچە گەشتیارییەکان لە دوو رۆژی هەفتە قەدەخەیە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر بڕیارێکی بۆ رۆژانی پێنجشەممە و هەینی دەرکرد و تێیدا هاتووچۆی بارهەڵگر و مۆتۆڕسکیلی لەو رێگەیانەی بە ناوچە گەشتیارییەکاندا تێدەپەڕن، قەدەخە کرد.
رۆژی سێشەممە، 05ـی ئایاری 2026، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا شۆفێرانی بارهەڵگر و مۆتۆڕسکیلی ئاگادارکردەوە کە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و دروستنەبوونی جەنجاڵی لە ناوچە گەشتیاری و سەیرانگاکان، بڕیاردراوە بە قەدەخەکردنی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و مۆتۆڕسکیل لەو رێگایانەی بە ناوچە گەشتیارییەکاندا تێدەپەڕن.
بەگوێرەی بڕیارەکە، قەدەخەی هاتووچۆ لەم کاتانەدا دەبێت:
رۆژانی پێنجشەممە: لە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ تاوەکو 01:00ـی شەو.
رۆژانی هەینی: لە کاژێر 07:00ـی بەیانی تاوەکو 01:00ـی بەرەبەیان.
هاتووچۆی هەولێر دەڵێ: "هەر بارهەڵگرێک لەو کاتانەی کە هاتووچۆ تێیاندا قەدەخەیە بە رێگەکاندا بڕوات، ئەوا لە رێگەی کامێراکانەوە سزای دارایی بۆ تۆمار دەکرێ."
هاتووچۆی هەولێر داوا لە شۆفێرانی بارهەڵگر و مۆتۆڕسکیل دەکات پابەندی بڕیارەکە بن، ئەوەش لەپێناو دابینکردنی هاتووچۆیەکی سەلامەت بۆ گەشتیاران و دوورکەوتنەوە لە هەر رووداوێکی نەخوازراو.