بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی سوورداش لە سلێمانی
بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی سوورداش لە سنووری سلێمانی، ئەندامێکی سەرکردایەتیی کۆمەڵە بە رووداوی گوت، زیانی گیانی نەبووە.
ئەمجەد حوسێن پەناهی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند:" بە دوو درۆن هێرش کراوەتە سەر کەمپی سوورداش و تەنیا زیانی ماددی هەبووە."
ئەمە لە کاتێکدایە کە شەوی پێنجشەممەی رابردوو، کاژێر 22:50 خولەک، کەمپی ئازادیی کۆیە و دەوروبەری بە پێنج درۆن کرایە ئامانج.
رۆژی 27ی نیسانیش، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی ئازادی، کە کەمپی ژن و منداڵی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتە. هەمان رۆژ کەمپی سوورداشیش بە دوو درۆن بۆردوومان کرا، کە کەمپێکی هاوبەشی بنەماڵەی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانە.
لە 28ـی شوباتەوە هەرێمی کوردستان بە نزیکەی 735 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر، 30 لەو درۆن و مووشەکانە لە دوای ئاگربەستەوە بوون.