خوێندنی باڵا بۆ ئەوانەی لە ئێران دەخوێنن: زانکۆکانتان قبووڵی بکەن دەتوانن لێرە پراکتیک بکەن


رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی 450 خوێندکاری هەرێمی کوردستان کە لە ئێران دەخوێنن و بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە گەڕاونەتەوە، داوا دەکەن لە زانکۆ یان نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان رێگەی کاری پراکتیکییان پێبدرێت. بەرپرسێكی خوێندنی باڵا دەڵێ، "زانکۆکەی ئێرانیان قبووڵی بکەن، رێگەیان پێدەدەرێ."
 
یەکێک لە خوێندکارەکان بە نوێنەرایەتیی 450 خوێندکاری پزیشکی و بەشە زانستییەکانی دیکە کە لە زانکۆکانی ئێران دەخوێنن، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی لە ناوچەکەدا هەیە، ئێمە گەڕاینەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا تووشی تەنگژەیەکی گەورەی کات و فەوتانی تەمەن بووینەتەوە".
 
ئەو خوێندکارانە دەڵێن، زانکۆکانیان لە ئێران دەستیان بە دەوام کردووەتەوە و ئەوان لە هەرێمی کوردستان ماونەتەوە. دەشڵێن: "وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان هیچ ئاسانکارییەکی نەکردووە بۆ ئەوەی لێرە لە زانکۆکان یان لانیکەم لە نەخۆشخانەکاندا درێژە بە وانە و کارە پراکتیکییەکانمان بدەین".
 
خوێندکارەکان دەڵێن: "وەزارەتی خوێندنی باڵا دەتوانێت بە بڕیارێکی خێرا و کارگێڕی کێشەکەمان چارەسەر بکات و رێگەمان پێبدات لە زانکۆ و نەخۆشخانەکانی ناوخۆ کاتەکانمان قەرەبوو بکەینەوە".
 
د. یاسین ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، بە رووداوی گوت: "ئەو خوێندکارانە دەتوانن لە رێگەی ئۆنلاینەوە لە زانکۆکانی ئێران درێژە بە خوێندن بدەن".
 
د. یاسین ساڵح دەڵێت: "زانکۆکانی ئێران کێشەی ئەوەیان هەبوو ئینتەرنێتەکەیان بۆ نێوخۆ بوو، ئێستا دەڵێن چارەسەر کراوە و ئەوەشی چارەسەر نەکرابێ لە داهاتوودا چارەسەر دەکرێ و دەتوانن لە زانکۆکانی خۆیان بە ئۆنلاین درێژە بە خوێندن بدەن".
 
لەبارەی داواکەیان بۆ پراکتیک لە زانکۆ و نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی: "ئەگەر زانکۆکانی ئێران رازی بن بەو پراکتیکانەی ئەو خوێندکارانە لە هەرێمی کوردستان بیکەن، ئێمە لاریمان نییە و نووسراوی فەرمییان بۆ دەکەین".
 
لە دوای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کە 28ـی شوباتی ئەمساڵ دەستیپێکرد و 40 رۆژی خایاند، ئەو خوێندکارانە گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان و نەچوونەتەوە ئەو وڵاتە.