پارێزگاری دھۆک شەش بڕیار لەبارەی نرخ و کواڵێتیی بەنزین دەدات
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری دهۆک ژمارەیەک بڕیار لە بارەی هاوردەکردن، کواڵێتی و نرخی بەنزین دەدات و دەڵێت هەر بەنزینخانەیەک پابەندی نەبێت، سزا دەدرێت.
رۆژی یەکشەممە 05-06-2022 بە سەرپەرشتی جێگری پارێزگاری دھۆک و بە ئامادەبوونی قایمقامی دھۆک و بەڕێوەبەرایەتیی سووتەمەنی دھۆک، کۆبوونەوەیەک لەبارەی نرخ و کوالێتیی بەنزین بەڕێوەچوو. ئەمەش دوای ئەوەی دوێنێ بەشێک لە شۆفێرانی تەکسی بەھۆی گرانبوونی نرخی بەنزین بۆ ماوەی نیو کاژێر رێگەی سەرەکیی دھۆک - هەولێریان داخست.
دوای خۆپێشاندانەکەی دوێنێ، پارێزگاری دھۆک بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەسەر بابەتەکە. لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی دیوانی پارێزگای دهۆکدا، چەند بڕیارێک دران کە ئەمانەن:
یەکەم: کاراکردنی لیژنەیەکی ھاوبەش لە بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان بۆ بەدواداچوون و پشکنینی بەنزینی 690 دیناری، ئەو بەنزینخانانەشی پابەندی رێنوێنی و مەرجەکان نەبن، سزا دەدرێن.
دووەم: پشکنینی بۆ ھەموو کۆگا و شوێنی ھەڵگرتنی بەنزین لە سنووری پارێزگای دھۆک بکرێت بۆ نەھێشتنی بەنزینی خراپ و دوور لە رێنوێنییەکان و سەرپێچیکار بە تووندی سزابدرێت.
سێیەم: دانانی خاڵێکی پشکنین لە ئالۆکا بۆ وەرگرتنی نموونەی بەنزین و گواستنەوەیان بۆ تاقیگە تایبەتەکانی بەڕێوەبەرایەتیی سووتەمەنی دھۆک.
چوارەم: ھەوڵبدرێت بەشی دھۆک لە بەنزینی 690 دیناری زیادبکرێت و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر بەنزینخانەکان دابەشبکرێت.
پێنجەم: زیادکردنی ئامێرەکانی پێدانی بەنزین بەشێوەیەکی کاتی لەو بەنزینخانانەی کە بەنزینی 690 دیناری دابەشدەکەن بۆ نەھشتنی قەرەباڵخی و کار بکرێت لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ زیادکردنی بەشی دھۆک بۆ کەمکردنەوەی گلەیی ھاونیشتمانییان.
شەشەم: کار بکرێت لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ زیادکردنی سەرچاوەکانی ھێنانی بەنزین لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بەپێی رێنوێنییە کارپێکراوەکان.
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بڕیاری کۆبوونەوەکەی واژۆکردووە و لەڕێگەی نووسراوێکەوە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکان.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزای دھۆک، ئەو پارێزگایە رۆژانە پێویستیی بە ملیۆنێک و 700 ھەزار لیتر بەنزینە، بەڵام ھەفتەیەکە بۆ 260 ھەزار لیتر کەمکراوەتەوە و نرخەکەی لە بازاڕدا گران بووە.