سەندیکای کرێکاران لە سلێمانی: قبووڵی ناکەین پاسەکان کرێی گواستنەوە گران بکەن
رووداو دیجیتاڵ
لە سلێمانی نرخی گواستنەوەی سەرنشینان لەلایەن ژمارەیەک هێڵەکانی پاسەوە بۆ 750 دینار گرانکرا، خاوەنی ئەو هێڵی پاسانە بە سەندیکای شۆفێرانی پاس و تاکسییان گوتووە، گوتووە، هۆکارەکەی "بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینە." سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکارانی کوردستانیش دەڵێت "قبووڵی ناکەین."
جەلال ئەبوبەکر، سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی پاس و تاکسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە رۆژی یەکشەممە، 5-6-2022، بڕیاردراوە هەریەکە لە هێڵەکانی گواستنەوەی گەڕەکەکانی (راپەڕین ـ سەرچنار ـ بەکرەجۆ ـ شەکرەکە و ژمارەیەک گەڕەکی دیکە) کرێی گواستنەوە گران بکەن و کرێ لە 500 دینارەوە دەکەنە 750 دینار."
جەلال ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەشکرد، "خاوەن هێڵەکانی پاس پێیان گوتووین نرخی گواستنەوە گران دەکەین، چونکە نرخی بەنزین بەرزبووەتەوە بۆ سەروو 1000 دینار ئەوەش دوو هێندە زیاترە لە نرخی ئەو کاتەی کە نرخی گواستنەوە 500 دینار بوو و ئێستاش بڕیارەکەمان خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە."
پێشتر بەنزینخانەیەک لە سلێمانی تایبەتکرابوو بە پاس و بەنزینی نۆرماڵی بە نرخی 690 دینار دابەشدەکرد، بەڵام جەلال ئەبوبەکر گوتی، "لە دوای جەژنی رەمەزانەوە بەنزینی 690 دیناری نەهاتووە و شۆفێران مەجبوورن هەر لیترێک بەنزین 1000 دینار زیاتری پێبدەن."
لەلایەکی دیکەوە چالاک رەئوف، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان کە سەندیکای شۆفێرانی تاکسی و پاس لەژێر چەتری رێکخراوەکەی ئەواندان بە رووداوی گوت، "بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری گرانکردنی نرخی هێڵەکانی پاس نین و قبووڵیشی ناکەین نرخی پاس لەسەر خەڵکی هەژار زیاد بكرێت. ناکرێت بەبێ هیچ راوێژ و بڕیارێک کرێی گواستنەوە گران بکرێت."
چالاک رەئوف ئاماژەی بەوەشدا، "هەر هێڵێکی گواستنەوە کرێ گران بکەن، بە دڵنیاییەوە سکاڵایان لەدژ تۆمار دەکەین و لە رێگەی قایمقامیەتی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەوە رێگری لەو کارە دەکەین."
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوە و گەیاندنی سلێمانیش بە رووداوی گوت، "بە هیچ شێوەیەک بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوە و گەیاندن ئاگاداری ئەو بابەتە نین و رێگە نادەن کرێ گران بکرێت."
هاونیشتمانییەکە لە سلێمانی کە بە هێڵی پاسەکانی شەهیدانی سەرچنار هاتووچۆ دەکات بە رووداوی گوت، بەیانی نرخی گواستنەوەی سەرنشین 500 دیناربوو، بەڵام دوانیوەڕۆ بووە 750 دینار.