جووتیارێک لە جووتکردنی کەڵەشێرێکی کوردی لەگەڵ دوو مریشک وەچەیەکی نوێ بەرهەمدەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
جووتیارێکی نموونەیی لە سنووری چەمچەماڵ زیاتر لە ساڵێکە توێژینەوە لەسەر مریشک و باوانیان دەکات، ئەو پێیوایە قۆناخی یەکەمی توێژینەوەکەی سەرکەوتووبووە.
ئەو جووتیارە نموونەییە لە جووتکردنی کەڵەشێرێکی شامی کوردی لەگەڵ مریشکی لیگهۆرنی هێلکەکەر و مریشکی برۆیلەری، گۆشتی وەچەیەکی جیاوازی بەرهەمهێناوە کە کێشیان دوو هێندەی مریشک و کەڵەشێری ئاساییە و مریشکەکانیش زیاتر لە سێ هێندەی مریشکی ئاسایی هێلکە دەکەن. ئێستا نەوەی ئەو کەڵەشێر و مریشکانەش لەژێر توێژینەوەدان.
شێخ جەمال، جووتیارێکی خەڵکی گوندی کربچنە سەر بە ناحیەی سەنگاو لە سنووری چەمچەماڵ، تەمەنی 70 ساڵە، ئێستا چاوی لەوەیە نەوەی سێیەم و چوارەمی ئەو مریشک و کەڵەشێرە جیاوازانەش جیابکاتەوە، بۆئەوەی لەپاش چەند ساڵێکی دیکە باشترینەکانی نێو ئەوانەش بدۆزێتەوە.
شێخ جەمال بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مریشکەکان و هێلکەکان تەندرووستن، چونکە هیچ مادەیەکی کیمیاییان پێنادەین، بەڵکو گۆڕانکاری لە کێشەکەدا دەکەن. کەڵەشێری شامی کوردییە و لەگەڵ مریشکە هاوردەکان تێکەڵیان دەکەین بۆئەوەی نەوەیەکی مریشکی کوردی بەرهەمبهێنین، کە کێشی مریشکەکە زیاتربێت لە سێ کیلۆ و لە ساڵێکدا زیاتر لە 50 هێلکە بکات و کەڵەشێرەکەش کێشی بگەیێنینە پێنج کیلۆ و زیاتر."
ئەو جووتیارە داهێنەرە هەروەها باسی لەوەش کرد، "ئێمە دەتوانین ئەو نەوە باشانە یان هێلکەکان بەسەر جووتیارانی دیکەدا دابەشبکەین، بۆئەوەی لای خۆیان پەروەردەی بکەن. ئێمە خۆمان لە جووتیارانی سەرانسەری زەوی بە کەمتر نازانین، بەڵام ئەوەیە ئێمە ئامێری پێویستمان نییە و وڵاتێکین لەسەرەتای دروستبوونمانەوە تاوەکو ئەمڕۆ لە قەیراندانین، بەڵام دەبێت ئێمە بیر لەو شتانە نەکەینەوە، بەڵکو دەبێت خۆمان ئیشەکانمان بۆ پێشەوەبەرین."
شێخ جەمال بۆ ئەو کارەی پرسی بە پزیشکێک کردووە، ئەو پزیشکە پێیوایە، ئەو مریشک و کەڵەشێرانە بۆ گوندنشینان باشن، چونکە بەرگەی کەشوهەوا و نەخۆشییەکانی هەرێمی کوردستان دەگرن و دەتوانرێت بەخۆراکی خۆماڵی بژین، هەروەها کێشیان زۆرە و هێلکەی زیاتر دەکەن.
نەوشیروان ساڵح دەلۆیی، پزیشکی ڤێتێرنەری راوێژکاری دەڵێت، "ئەمەی شێخ جەمال کردوویەتی هەم مریشەکەکان کێشیان دەگاتە چوار تاوەکو پێنج کیلۆ، هەم لە ساڵێکدا 100 بۆ 150 هێلکە دەکەن، هەروەها کەڵەشێرەکان کێشیان دەگاتە پێنج تاوەکو شەش کیلۆ، ئەمەش بەرهەمێکی باشە بۆ ئەو جۆرە بەخێوکردنە کە تێچووەکەی زۆر زۆر کەمە، چونکە نە پلەی گەرمی نە رووناکی و نە هۆڵی بەخێوکردنی بۆ دروستناکرێت."
ئەو جووتیارە حەزێکی زۆری بۆ کاری جیاواز هەیە و لەنێو ماڵەکەیدا چەندین جۆر باڵندە و پەلەوەری جیاوازیش بەخێودەکات.