سەرۆکی ئینیستیتیوتی پەی: ئەگەر پەرلەمانتاران مووچەکانیان نەگەڕێننەوە جۆرێکە لە گەندەڵی
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتێکی ئینیستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، لە دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق دەبێت پەرلەمانتاران سەرجەم ئەو مووچانەی دوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان وەریانگرتووە، بیگەڕێننەوە. سەرۆکی ئینستیتیوتەکەش دەڵێت، "پەرلەمانیش لە دەستەمۆیی و بارمتەگیری یەکێتی و پارتی رزگاری بوو."
د. سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ئینیستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، لەبارەی گەڕاندنەوەی مووچەی پەرلەمانتاران بۆ خەزێنەی گشتی رایگەیاند: ''ئەمە یاسایە و قسەی ئێمە نییە، بڕی پارەکەش خەمڵێندراوە و رەنگە زۆر لەوە زیاتر بێت، ئێستا کە لە قەیرانداین پێویستە بگەڕێندرێتەوە.''
بەپێی راپۆرتێکی ئینیستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان کە وەکو نامەیەک ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانی کردووە، دەڵێت دوای ئەوەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی لە دوای لە 6-11-2022ەوە بە "نایاسایی و نادەستووریی" هەژمارکردووە، بەوپێیەش درێژکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، شەش یاسا و بڕیاری ژمارە 10ـی تایبەت بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، سوێندخواردنی ئەندامانی نوێ و ئیمتیازاتی پەرلەمانتارانی هەڵوەشاندەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "لەسەر دەستەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانتاران پێویستە پەیوەستی یاسای ژمارە 2ـی ساڵی 2020بن کە 'یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان'ـە کە لە خوولی پێنجەمی پەرلەمان پەسندکراوە، پێشیلی نەکەن، لەدوای 6-11-2022ـەوە لە وەرگرتنی مووچە و ئیمتیازاتەکان پەیوەست بن بە یاساکەوە، بە خانەنشین هەژمار بکرێن و جیاوازی مووچەکانیان بگێڕنەوە بۆ گەنجینەی گشتی، چونکە بەپێی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی ماوەی شەش مانگ مووچەی زیادیان وەرگرتووە."
سەرۆکی ئینستیتیوتەکە لەو بارەوە دەڵێت، ''ئێمە نەمانگوتووە پەرلەمانتاران مووچەیان نەبێت، ئەوان بەپێی یاسا خانەنشین دەبن و مووچەی خانەنشینیش وەردەگرن، بەڵام ئەو زیادەیەی کە هەیە، پێویستە بگەڕێندرێتەوە بۆ گەنجینەی گشتی.''
د. سەروەر عەبدولڕەحمان جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەگەر پەرلەمانتاران زیادەی مووچەکەیان نەگەڕێننەوە، ئەوە "کارێکی نایاساییە و جۆرێکە لە گەندەڵی، 'ئەگەریش ئێمە بمانەوێت پەیوەست بین بە یاسا و بەپێی یاساکانی پەرلەمان کار بکەین، ئەوە پێویستە بگەڕێندرێتەوە.''
سەرۆکی ئینیستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان باسی لەوەشکرد، ئەگەر پەرلەمانتاران سەردانی دامودەزگاکانی حکومەت بکەن، ئەوە لە رووی یاساییەوە دەتوانن وەڵامیان نەدەنەوە، چونکە ئەم پەرلەمانە کۆتاییهاتووە و ئێستا ئەندامەکانی ناوی پەرلەمانتارانی پێشوویان لێدەنرێت.
د. سەروەر عەبدولڕەحمان گوتیشی، راستە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشێندراوەتەوە و بۆشایی یاسایی و دەستووری هەیە، بەڵام لە بەرامبەردا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەت وەکو کاربەڕێکەر دەمێننەوە کە جیاوازە لەگەڵ "نایاساییبون، ئەگەر پەرلەمانی کوردستان ملکەچی ئەم بڕیارە نەبێت، ئەوکات گرفت بۆ دامودەزگاکانی دیکەش دروست دەبێت و ئەوانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان لە رەواییدا تووشی گرفت دەبن.''
سەرۆکی ئینیستیتیوتی پەی لە وەڵامی پرسیاری سەنگەر عەبدولڕەحمان کە ئایا لە رووی سیاسییەوە دەکرێت ئەم بڕیارەی دادگەی فیدراڵی رەتبکرێتەوە و پەرلەمان درێژە بە کارەکانی بدات، گوتی، پەرلەمانی کوردستان بەر لەوەی دامەزراوەیەکی سیاسی بێت، دامەزراوەیەکی یاساییە و هەموو دامەزراوە یاساییەکانی دیکەش، رەوایەتی لەو پەرلەمانە وەردەگرن، ''بۆیە کاتێک لە رووی یاساییەوە پەرلەمان کۆتاییهاتووە، پێویست ناکات ئێمە چاوەڕێی بڕیاری سیاسی بکەین.''
د. سەروەر عەبدولڕەحمان پێیوایە، "تاوەکو ئێستا پەرلەمان دەستەمۆ و بارمتەی یەکێتی و پارتی بووە، بەڵام بە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی و کۆتاییهاتنی خولی پێنجەم، لە دەستەمۆیی و بارمتەگیری رزگار بووە."
سەرۆکی ئینیستیتیوتەکە باسی لەوە کرد، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کە لە پشکی یەکێتییە، بەشێک بووە لە "کێشەکە و خۆی کۆبوونەوەکانی نەدەکردن و لە کۆبوونەوەی فەرمیی پەرلەماندا گوتی، من دەست و قاچم بەستراوە کە ناتوانم کۆبوونەوەکان بکەم.''
لە کۆبوونەوەی رۆژی 9-10-2022ـی پەرلەمانی کوردستاندا بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ 31-12-2023 درێژکرایەوە، لەکاتێکدا 6-11-2022 تەمەنی خولەکە کۆتایی دەهات. بەڵام دادگەی باڵای فیدراڵی رۆژی 29-05-2023 درێژکردنەوەکەی بە "نادەستووریی" دانا.