تەندروستیی باتیفا: نزیکەی 50 ژن بەهۆی پاککردنەوەی ماڵ و فەرش شۆرین تەندروستییان تێکچووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستیی باتیفا دەڵێت: "نزیکەی 50 ژن بەهۆی پاککردنەوەی ماڵ و فەرش شۆرین تەندروستییان تێکچووە و سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە."
رۆژی پێنجشەممە، 05ـی حوزیرانی 2025، ئەحمەد یاسین عەلی، بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستیی باتیفا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەک داب و نەریتێکی دووبارە و نازانستی هەموو ساڵێک پێش بۆنە و جەژنەکان ژنان زۆر خۆیان هیلاک دەکەن، ماڵ پاکدەکەنەوە و کاری قورس دەکەن، کە ئەمە زیانی زۆر بە تەندروستییان دەگەیێنێت، جگە لەوەی لە هەمان کاتدا نەخۆش دەکەون، لە داهاتووش لێکەوتەی زۆر خراپی دەبێت و تووشی نەخۆشییەکانی فەقەرات و هەوکردن دەبنەوە."
بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، لە دوو هەفتەی رابردوو، زیاتر لە 87 ئافرەت سەردانی نەخۆشخانەی قەزای باتیفایان کردووە، لەنێویاندا نزیکەی 50یان بەهۆی پاککردنەوەی ماڵ و فەرش شۆرینەوە تەندروستییان تێکچووە و پێویستیان بە چارەسەر هەبووە."
ئەحمەد یاسین عەلی دەڵێت، ئەم دیاردەیە لە هەموو هەرێمی کوردستان هەیە و داوا لە ئافرەتان دەکات، "تەندروستیی خۆیان لە پێش هەموو شتێک دابنێن، چونکە کارکردن بەم شێوەیە نازانستی و ناتەندروستە."
سبەی هەینی، 6-6-2025، یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە.