ئاوی زێراب لە گەڕەکی تووڕەقی هەولێر تێکەڵی ئاوی خواردنەوە بووە؛ 'بە ناچاری دەیخۆینەوە'

رووداو دیجیتاڵ

دوو مانگە بەشێک لە دانیشتووانی گەرەکی تووڕەق ئاوی خواردنەوەیان تێکەڵ بە ئاوی زێراب بووە، دەهام یەکێکە لە دانیشتووانی گەڕەکەکە، لەلایەک خەمی پەیداکردنی پاروێک نانیەتی و لایەکی دیکەش کرینی ئاو.
 
دەهام قادر، دانیشتووی گەڕەکی تووڕەق دەڵێت، "دو منداڵی بچووکمان هەیە رەوانەی ماڵی باپیریان کراونەتەوە. هەموو جەستەیان بووەتە گرمژە، بەخوای لەبەر ئەو ئاوەیە. ئێمە چەند رۆژ ئاو بکڕین، فەرموو ئەوە ئاوی مارکێتە کڕیومە. بۆ خۆشوشتنیش تاقەتم نییە رۆژانە 50 بۆ 20 هەزار بە ئاو بدەم."
 
ئەمە دووەمجارە نزیکەی 30 ماڵی گەڕەکی تووڕەق ئاوی خواردنەوەیان تێکەڵ بە ئاوی زێراب دەبێت، بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەک بەهۆی بەکارهێنانی ئاوەکە منداڵەکانیشیان تووشی نەخۆشی سکچوون و هەستیاری پێست بوون.
 
خالید یوسف دانیشتووی گەڕەکەکەیە و باس لەوە دەکات، "نازانین بۆری لە کوێ شکاوە، ئەگەر شکاوە ماڵ و 50 هەزار کۆدەکەینەوە، بەخوای من 100 هەزار دەدەم، سەیر کە بەهۆی نەخۆشییەوە کچەکەم چی لێهاتووە."
 
کاروان سلێمان، یەکێکی دیکەیە لە دانیشتووانی گەڕەکەکە و لەبارەی بێئاوییەکەیان ئاماژە بەوە دەدات، "دەبێت هەفتانە دوو بۆ سێ تانکەر بکڕین. من نەخۆشیشم هەیە، دەبێت ئاوی خواردنەوەش بکڕین. ئەو ئاوە ناخورێتەوە."
 
گەڕەکی تووڕەق 9 کلیۆمەتر لە رۆژئاوی هەولێر دوورە، بەهۆی خراپی دۆخی داراییان، بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەک بەناچاری ئاوی زێراب بۆ خواردن و خواردنەوە بەکاردەهێنن.
 
سەبرییە ئەحمەد، دانیشتووی گەڕەکەیە و جیاواز لەوانەی دیکە بەهۆی خراپی دۆخی داراییەوە ئاوەکە دەخۆنەوە و دەڵێت، "ئەو ئاوە دەخۆینە ئەگەر بمرین و بژین، چی بکەین چارە چییە، چەند رۆژە منداڵەکانمان سکچوونیان گرتووە. بەهۆی ئەو ئاوەوەیە."
 
زیاتر لە هەفتەیەکە دانیشتووانی گەڕەکی تووڕەق بەرێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێریان لە کێشەکەیان ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراوە.