تیپی تورکیا خولی تۆپی پێی دیپلۆماسی لە هەرێمی کوردستان بردەوە
رووداو دیجیتاڵ
بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، یاری کۆتایی خولی پاڵەوانێتی تۆپی پێی دیپلۆماسی لە هەرێمی کوردستان، لەنێوان تیپی کۆنسووڵخانەی تورکیا و ئوردن بەڕێوەچوو.
یارییەکە ئێوارەی دوێنێ بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت و ژمارەیەک لە وەزیرانی هەرێمی کوردستان و کۆنسووڵی وڵاتان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
خولی پاڵەوانێتی تۆپی پێی دیپلۆماسی لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت رێکخرا بوو.
یاری کۆتایی خولەکە لەنێوان هەردوو تیپی کۆنسووڵخانەی گشتیی تورکیا و کۆنسووڵخانەی گشتیی ئوردن بەڕێوەچوو، تێیدا تورکیا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بووە پاڵەوانی خولەکە.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "وەک نەریتێکی ساڵانە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پێناو دروستکردنی کەشێکی دۆستانە لە نێوان دیپلۆماتکار و ستافی کونسوڵگەرییەکان ئەم پاڵەوانەتییە رێکدەخات".
لە خولەکەدا کە 20 رۆژی خایاند، 15 تیپی تۆپی پێ بەشدارییان کرد.
پێش یاری کۆتایی، سەفین دزەیی رایگەیاند، "مەبەست [لە یارییەکانی خولەکە] بردنەوە و دۆڕاندن نییە، بەڵکو دروستکردنی کەشێکی لەبارە لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان بۆ دیپلۆماتکاران".