ژینگەی هەولێر: بۆ دانانی فیلتەر 164 چێشتخانە و کەبابخانە ئاگادار کراونەتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر رایگەیاند، زیاتر لە 160 خاوەن چێشتخانە و رێستۆرانت ئاگادار کراونەتەوە بۆ ئەوەی فیلتەر دابنێن، ئەگەر نا سزا دەدرێن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 05ـی حوزیرانی 2025، دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ماوەی رابردوو چەند جارێک مۆڵەت درا بە خاوەن چێشتخانە، رێستۆرانتەکان و ئەوشوێنانەی دەبنە هۆی بەڵاوبوونەوەی دووکەڵ تاوەکو فیلتەر دابنێن، بەڵام بەشێکیان پێیەوە پابەند نەبوون، بۆیە دواین ئاگادارکردنەوەمان بە 164 شوێن داوە، تاوەکو رێنماییەکان جێبەجێ بکەن."
 
نزیکەی پێنج مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە دەرکردووە، یەکێک لەوان دانانی فیلتەرە بۆ موەلیدەکان. 
 
بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر گوتی: "دەستکەوتنی فیلتەر لە هەرێمی کوردستان و رێکارەکانی تۆزێک کاتی دەوێت، بۆیە ئێمە چەند جارێک کاتمان بۆ خاوەنی چێشتخانە و کەبابخانەکان درێژکردەوە، بەڵام دوای ئاگادارکردنەوەیان دەبێت سەردانمان بکەن و رێکارەکان جێبەجێ بکەن."
 
بە گوتەی دڵشاد هیرانی، هەفتەی دووجار لیژنەکانی ژینگەی هەولێر سەردانی خواردنگە و رێستۆرانتەکان دەکەن و رێنوێنییان پێدەدەن. باسی لەوەشکرد: "سەرەتا ئاگادار دەکرێنەوە، دواتر ئەگەر رێنوێنییەکانیان جێبەجێ نەکردبێت، بە پێبژاردن و داخستن سزادەدرێن".
 
لەبارەی بڕی پێبژاردنەکە، دڵشاد هیرانی گوتی "بەگوێرەی دووکەڵەکە پسوولەی سزا بۆ ئەو کەسانە دەکرێت، کە فیلتەر دانانێن، سزاکەش لە 500 هەزار بۆ سێ ملیۆن دینار دەبێت".
 
رۆژی 12ـی کانوونی دووەمی 2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان چوار بڕیاری بۆ پاککردنەوەی هەوای شارەکان دەرکرد، کە بریتین لە: 
 
یەکەم: هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و رێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
 
دووەم: رێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت، کە سووتەمەنی پیسی ئۆتۆمبێل بەرهەم دێنێت، یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندرووستی هەیە؛ هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت.
 
سێیەم: دەبێت خاوەنی موەلیدەکانی کارەبا، پابەندی رێنماییەکانی حکومەت بن و فلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
 
چوارەم: رێگری لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت، کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکاردەهێنرێت.