جووتیارێک لە گەرمیان: بەرهەمی تەماتەکەم ساخ نابێتەوە و ناچارم واز لە جووتیاری بهێنم

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەشارات باقی، جووتیارێکی دانیشتووی کفرییە 4 دۆنم زەوی بە تەماتە چاندووە و چاوەڕێ دەکات ئەمساڵ 52 تۆن تەماتە بەرهەمی بێت، نزیکەی 35 ملیۆن دینار خەرج کردووە، بەڵام ناتوانێت بەرهەمەکەی لە بازاڕ ساخ بکاتەوە. چاوەڕێی قازانج بوو، بەڵام وردە وردە تەماتەکەی لەنێودەچێت و دەڵێت، "رەنج بەخەسار بووم."     
 
ئەو جووتیارە دەڵێت، "بەرهەمەکەم ساخ نابێتەوە لە بازاڕ من دەینێرم بۆ سلێمانی پارەی کرێکار و گواستنەوەکەم بۆ نایەتەوە، مەجبورم وازبهێم هیچ سوودی نییە یان دەبێت وازبهێنم یان وشکی بکەمەوە من پێیبگەیێنم و وشکی بکەمەوە چیمان بە چی کرد هەر وازبهێنم باشترە." 
 
ساڵانە لە سنووری کفری زیاتر لە 100 جووتیار، 20 هەزار تۆن تەماتە بەرهەم دێنن. جووتیاران دەڵێن، دوای هەشت مانگ لە چاوەڕوانی، بەهۆی دابەزینی نرخی تەماتەوە کێڵگەکانیان دەکەنە خۆراکی ئاژەڵەکانیان. 
 
خەلیل هاشم، جووتیارێکی سنووری گەرمیانە و دەڵێت، "ئێستا ئاژەڵەکان چوونەتە شوێنی چاندنی تەماتەکە.. چیبکەین چارەسەر چییە تەنیا ئەوەیە واز لە کشتوکاڵ بێنین.. لێرە کشتوکاڵ سوودی نییە بەرهەمەکە دەچێنیت کاتێک پێدەگات پارە ناکات." 
 
یونس فازڵ، جووتیارێکی دیکەیە و دەڵێت، "بەبوونی کارگەی تەماتە، بەستنی مەرزەکان لە کاتی خۆیدا لەگەڵ هەبوونی ساردکەرەوەیەک بەم شتانە ئێمە زەرەر ناکەین."  
 
هەرچەندە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بۆ هەر تۆنێک تەماتەی هاوردەکراو 750 هەزار دینار باجی داناوە، بەڵام ئەوە کێشەی جووتیارانی چارەسەر نەکردووە و ساڵانە ئەم گرفتە دووبارە دەبێتەوە. 
 
ستار عەلی، گوتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان دەڵێت، "ئەو بارانەی کە لە خوارووی عێراقەوە دێن و پێشبڕکێی بەرهەمەکانی خۆمان دەکات، ناهێڵین لە بازگەکان زیاتر لە تۆنێک تەماتە بێت، ئەمەش وایکردووە بەرهەمی خوارەوی عێراق نەیەتە ناو بازاڕ و ببێتە هۆی ئەوەی جووتیارەکانمان خەسار بکەن. قەزای کفری پێویستی بە کارگەی دۆشاوی تەماتە هەروەها ساردکەرەوەیە." 
 
لە سنووری ئیدارەی گەرمیان ساڵانە جووتیاران 4212 دۆنم زەوی بە تەماتە دەچێنن و 53456 تۆن تەماتە بەرهەم دێنن.