وەزارەتی کارەبا: پلەی گەرما بەرزبووەتەوە و 16 کاژێر کارەبای نیشتمانی دەدەین


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، وێڕای بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، هیچ شوێنێکی هەرێمی کوردستان کەمتر لە 16 کاژێر کارەبای نییە. گوتیشی، لە 20 بۆ 30 پڕۆژەی نیشتەجێبوون موەلیدەکانیان راگرتووە و کارەبای 24 کاژێری دەدەنە خەڵک و بۆ هەر کیلۆواتێک 156 دیناریان لێوەردەگرن.

رۆژی چوارشەممە، 5ـی تەممووزی 2023، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، باسی دۆخی کارەبای لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، توانای بەرهەمهێانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لە 3 هەزار و 800 مێگاواتەوە دەستپێدەکات و هەندێکجار چوار هەزار مێگاوات تێدەپەڕێنێت، لەکاتێکدا خواست لەسەر کارەبا 5 هەزار مێگاواتی تێپەڕاندووە.
 
ئومێد ئەحمەد گوتی، کاتێک پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە، خواست لەسەر کارەبا زیاتر دەبێت و توانای یەکەکانی بەرهەمهێنانیش کەم دەبنەوە. گوتیشی، "ئێستا لە وەرزی گەرماداین. ئەمڕۆ هەبوونی کارەبای نیشتمانی لە تەواوی هەرێمی کوردستان لە 16 کاژێر نەهاتووەتە خوارەوە".
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بە کاریگەریی گەرما کرد و گوتی، یەک هەفتە لەمەوپێش پلەی گەرما کەمتر بوو لە ئەمڕۆ و توانیان لە نێوان 18 کاژێر و نیو بۆ 21 کاژێر کارەبای نیشتمانی بدەنە هاوبەشان.
 
نرخی کیلۆواتێک کارەبای نیشتمانی بۆ ماڵان لە 18 دینارەوە دەستپێدەکات و بەگوێرەی بەکارهێنانی کارەبای زیاتر، بەرز دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە 241 دینار؛ وەزارەتی کارەبا لە چەند یەکەیەکی نیشتەجێبوون موەلیدەکانی راگرتووە و کارەبای نیشتمانییان بەشێوەی 24 کاژێری پێدەدات، بەڵام بە نرخێکی بەرزتر لە نرخی ماڵان و بۆ هەر کیلۆواتێک 156 دینار وەردەگرن. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا گوتی، لە 20 بۆ 30 پڕۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون کە دەستەی وەبەرهێنان وەکو "گرانبەها" دیاری کردوون، کارەبای پریپەیدی 156 دیناری دەدەنە دانیشتووانەکەی و جارێ ئەزموونییە.
 
ئومێد ئەحمەد گوتی، لە 2019ـەوە دەستکراوە بە دانانی پێوەری زیرەک بۆ ئەوەی سەرپێچیی کۆتایی پێ بێت و دۆخی کارەبا باشتربێت. گوتیشی، تاوەکو ئێستا 92٪ـی هاوبەش پێوەرەکەیان بۆ دانراوە و دەتوانن بۆ پریپەید سوودی لێوەرگرن، کە پارەدانی پێشوەختەی کارەبایە.
 
ئومێد ئەحمەد گوتی، ئەو شوێنانەی کراون بە 24 کاژێری و بەشێوەی پریپەید پارە دەدەن، دەرکەوتووە کە زیاتر چاودێریی کارەبا دەکەن و ئامێرە کارەباییەکان بەگوێرەی پێویست بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی کەمترین پارە لە کارەبادا خەرج بکەن.
 
ئومێد ئەحمەد جەختی کردەوە کە جگە لە چەند پڕۆژەیەکی نێشتەجێبوون لە پارێزگا جیاکان، لە یەکەکانی دیکەی نیشتەجێبوون نرخی کارەبا وەکو گەڕەکەکان وایە و گۆڕانکاری تێدا نەکراوە. گوتیشی، "ئەوەی وەکو ئەزموونی کردوومانە سەیری دەکەینەوە و بزانین چۆن بووە بۆ بەردەوامیی کارەبای 24 کاژێری و کەمبوونەوەی گرفتەکانی کارەبا، جارێ نەبووەتە بڕیار کە هەموو کوردستان بە هەمان نرخ و شێوازی لێ بکرێت".
 
ئەو شوێنانەی وەکو گرانبەها نێونراون و کیلۆواتێک کارەبا تێیاندا 156 دینارە، دەبێت بڕە پارەیەکیش بدەنە خاوەن پڕۆژەکان لەبەرامبەر وەستانی موەلیدەکانیان، ئومێد ئەحمەد گوتی، "هەرکەسێک بایی 50 هەزار کارەبا بکڕێت، دەبێت 6 هەزار دیناریش بداتە خاوەن پڕۆژەکە؛ بۆ نموونە 56 هەزار دینار بدات بایی 50 هەزار کارەبای پێدەدرێت".
 
وەزارەتی کارەبا دەیەوێت لە وەرزە جیاکاندا چاودێریی ئەو یەکانە بکات کە 24 کاژێر کارەبایان هەیە بزانێت ئاستی خواست و داهاتی کارەبا چۆن دەبێت و ئەگەر پڕۆژەکە سەرکەوتوو بوو فراوانتری بکەن بۆ هەموو هەرێمی کوردستان. ئومێد ئەحمەد گوتی، ئەوان بەگوێرەی چاودێرییە سەرەتاییەکانیان بەوە گەیشتوون، کە هەرکەسێک پێشوەختە پارەی کارەبای دابێت کەمتر کارەبای بەکارهێناوە.