سەرۆک بارزانی: بە شانازییەوە خۆم بە ئەندامی ئەنجوومەنی پشتیوانی پارێزگای هەڵەبجە دەزانم
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە کرد و رایگەیاند، "بە شانازییەوە خۆم بە ئەندامی ئەنجوومەنی پشتیوانی پارێزگای هەڵەبجە دەزانم."
رۆژی شەممە، 5ـی تەممووزی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازی لە شاندێکی ئەندامانی ئەنجوومەنی پشتیوانیی هەڵەبجە کرد.
بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەندامانی ئەنجوومەنی پشتیوانی هەڵەبجە لە دیدارەکە "سوپاس و پێزانین"ـی خەڵکی هەڵەبجەیان بۆ رۆڵی سەرۆک بارزانی لە هەوڵەکانی بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکێش بە هەڵەبجە کراون بە سەرۆک بارزانی گەیاند.
شاندەکە سوپاسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەرلەمان و نوێنەرانی کوردیان لە بەغدا کرد بۆ هەوڵەکانیان بۆ سەرخستنی بەپارێزگابوونی شارەکە.
ئەندامانی ئەنجوومەنی پشتیوانی هەڵەبجە داوایشیان لە سەرۆک بارزانی کرد بەردەوام بێت لە پاڵپشتییەکانی خۆی بۆ هەڵەبجە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، سەرۆک بارزانی، "بەگەرمی"ـی بەخێرهاتنی شاندەکەی کرد و رایگەیاند، بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری شارەکەیە و "بەقوربانیدان و گەورەیی هەڵەبجە بەراورد ناکرێت."
سەرۆک بارزانی هەروەها گوتی، ئەركی دامەزرامەكانی هەرێمی کوردستانە ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ خزمەتگوزاریی هەڵەبجە ئەنجامی بدەن."