لە دوبز بەهۆی شەڕی ئامۆزاکان باوکێک کوژرا و کوڕەکەی بریندار بوو
رووداو دیجیتاڵ
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە لە گوندی کێفی سەر بە قەزای دوبز لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانی نێوان ژمارەیەک ئامۆزا، باوکێک کوژرا و کوڕەکەی برینداربوو.
عادل جەواد، قایمقامی دوبز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شەڕەکە بەهۆی کێشەی زەویوزارەوە بوو لە نێوان ژمارەیەک ئامۆزا و خزمی یەکدی. سەرەتا دەمەقاڵێ روویداوە و دواتر گەیشتووەتە بەکارهێنانی چەک."
ئەوانەی شەڕیان کردووە، سەرجەمیان عەرەبن؛ عادل جەواد دەڵێت، لە دەستڕێژێکدا "کەسێک بەناوی غازی عەباوی لە دایکبووی 1966 کوژراوە و کوڕەکەی بەناوی ساڵح غازی لەدایکبووی 1994 برینداربووە."
قایمقامی دوبز گوتی، بۆ رێگریکردن لە زیاتر تەشەنەسەندنی کێشەکە هێزی سەربازی و ئەمنییان رەوانەی ناوچەکە کردووە و دۆخەکەیان کۆنترۆڵ کردووە.